پێشمەرگە لە كوشتنی داعشاندا پشكی شێری لەسەر ئاستی جیهاندا بەر كەوتووە.. جوڵەیان لە تیرۆریستان بڕیوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی دەڵێت، داعش لە چەند میحوەرێكەوە چالاكییان نەماوە و هێرشیەكانیان وەستاون، چونكە نەیانتوانیوە هیچ پێشڕەوییەك بكەن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، پێشمەرگە لە كوشتنی داعشاندا پشكی شێری لەسەر ئاستی جیهاندا بەر كەوتووە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی (د. ئازاد حەوێزی)، لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە چەند میحوەرێكەوە داعش جوڵەی لێ بڕاوە و دواهەوڵیان بریتی بوو لە هێرشەكەی دووڕێیانی "عیاچ" و میحوەری تەلەعفەر كە هێرشی بچووك بوون و دەیانویست بە پێشمەرگە بڵێن هێشتا لە سنوورەكەدا ماوین".
(حەوێزی) گوتیشی: "داعش بۆ داگیركردنی كوردستان هەموو هەوڵكیان دا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، بۆیە ئێستا تاكە ئامانجی داعش لە هێرشكردنەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە ئەوەیە كە، چەكدارەكانیان بەكوشت بدەن، چونكە لە هەر هێرشێكی داعشدا كە كردبێتیە سەر پێشمەرگە، زیاد لە 50 كوژراویان هەبووە، بەشێكی زۆری كوژراوەكانی داعشیش لەسەر ئاستی جیهاندا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی ئاماژەیشی دا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئێستا لە سەرجەم میحوەرەكانەوە بۆ ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێكی تیرۆریستانی داعش، لە ئامادەباشیی تەواودان.




