كوردانی شەبەكیش دروستكردنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانیان رەت دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان دروستكردنی حەشدی شەعبی لە ناوچە شەبەكنشینەكان رەت دەكاتەوە و رازیش بووە دوو فەوج بۆ ئێمە دروست بكرێن و هەروەها خۆبەخشەكانیش پڕچەك بكرێن، ئێمەش پشتگیری لە (سەرۆك بارزانی) دەكەین و رازی نابین حەشدی شەعبی لە ناوچەكانماندا دروست بكرێت".
نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان حامد) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێك لە كەسایەتییەكانی كوردی شەبەك گرینگی تایبەتی هەبوو، چونكە كۆمەڵێك كێشە پێوەست بە كوردانی شەبەك هەبوو كە هەموویان باس كران و چارەیش دەكرێن، لەوانە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رازی بووە كە فەوجێكی دیكە بۆ كوردانی شەبەك دروست بكرێت و ئەو خۆبەخشانەی شەبەكیش چەكیان پێ بدرێت، چونكە ئامادەن هاوشانی هێزی پێشمەرگە شەڕ بكەن بۆ ئەوەی ناوچەكانیان رزگار بكرێت".
(غەزوان) گوتیشی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە هەموو ناوچەكانی كوردی شەبەك رزگار دەكرێن و هێزەكانی پێشمەرگەیش لەگەڵ كوردانی شەبەك لە رزگاركردنی ئەو ناوچانەدا بەشدار دەبن.
نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، "سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد كە، رێگە نادەن لە ناوچە شەبەكنشینەكان حەشدی شەعبی دروست بكرێت، چونكە پێشمەرگە و شەبەكەكان خۆیان ناوچەكانیان دەپارێزن، لەبەر ئەوەی (حەنین قەدۆ) هێزێكی لە باشووری عێراق دروست كردووە كە ئێمەیش وەكو كوردانی شەبەك ئەو هێزە رەت دەكەینەوە، چونكە ئێمە نوێنەری كوردانی شەبەكین و ئەو كەسە بە هیچ جۆرێك نوێنەرایەتیی كوردانی شەبەك ناكات".
(حامد) راشیگەیاند، "كۆمەڵێك كێشەی ئیدارییشمان هەبوو لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)ـدا باسمان كردن و بەڵێنی دا كە بۆمان چارە دەكات و، جگە لەوەیش ئەو ئاوارانەی چوونەتە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كە شیعەمەزهەبن، رەزامەندی داوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و تاوەكو ئێستایش ژمارەیەكیان گەڕاونەتەوە، بەڵام هەندێك رێكار هەبوو دەبووە كێشە بۆیان، ئەویش چارە كرا".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "(سەرۆك بارزانی) خەمی هەموو پێكهاتەكانیەتی بە بێ جیاوازی و ئەو كۆبوونەوەیەیش بۆ ئێمە زۆر گرینگ بوو، چونكە كۆمەڵێك داواكاریمان هەبوو لەگەڵ سەرۆكدا باسمان كردن و چارەیش كران".
بڵند ئیبراهیم




