پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكاندا كۆ دەبێتەوە.. بۆ پێكهێنانی لیژنە 21 كەسییەكەی پرسی دەستوورە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ پرسی پێكهێنانی لیژنە 21 كەسییەكەی دەستوور لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان كۆ دەبێتەوە. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، وەكو فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دەخوازن گشت لایەن و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەشدار بن.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەعات 10 و نیو كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان ئەنجام دەدرێت، مەبەستیش لە كۆبوونەوەكە ئامادەكارییە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا ببێتە خاوەنی دەستوور و دوای ئەوەیش كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە واژۆ دەكرێت، دەبێت لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان لیژنەیەكی 21 كەسی دروست بكرێت ئەمەیش یەكەم كۆبوونەوە دەبێت بۆ شێواز و میكانیزمی ئەو لیژنەیەی كە دەبێتە ئامادەكاری بۆ دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ خستنەڕاپرسییەوە".
(خۆشناو) لەبارەی هەڵوێستی لیستی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەو لیژنە 21 كەسییە گوتی: "وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستمان ئەوەیە و لە كۆبوونەوەی سبەینێیشدا جەخت دەكەینەوە كە لیژنەیەك بێت بتوانێت سازان بكات و هەموو لایەك جێگایان ببێتەوە و پێشتریش جەختمان كردووەتەوە كە دەبێت توركمان و مەسیحی و ئاراستەی سێیەم و حیزبی شیوعی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی و سۆشیالیستیش هەر یەكەیان ئەندامێكیان لەو لیژنەیە هەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو حیزبانەی لە دەرەوەی پەرلەمانن و كورسیی پەرلەمانیان نییە، ئەوانیش بە هەموویان نوینەرێكیان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بۆچوون و ڕای ئەوانیش بگەیەنێت".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەیشی دا: "دەمێنێتەوە 14ئەندام ئەویش پێویستە لە نێوان لایەنەكانی پارتی و گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیدا دابەش بكرێت كە كورسیی پەرلەمانی پێوەر بێت تا بتوانرێ جێگای هەموو ڕا و بۆچوونەكان بكرێتەوە و ئەو لیژنە دەستوورییە بێت بتوانن لە داهاتوودا سازانی نشتیمانی لەسەر ئەو پرسە بكەن كە هەموو لایەكمان بانگەشەی بۆ دەكەین".
نەشوان بەرزنجی




