ئێمینکی: ڕۆژنامەگەریی کوردی ساڵ بە ساڵ پێشکەوتووتر بووە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی) لە پەیامیکدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە دەڵێ، ڕەوتی ڕۆژنامەگەری کوردی ساڵ بە ساڵ وەرچەرخانی نوێ و پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێ و، لە چەندایەتی و چۆنایەتی بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم و فەراهەمکردنی ئازادیی ڕادەربڕین پانتاییەکی فراوانی بۆ خۆی گرتووە.
ئەمەیش دەقی پەیامەکەیە:
لە بیرەوەریی 117 ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین لە هەرێمی کوردستان ڕەوتی ڕۆژنامەگەری کوردی ساڵ بە ساڵ وەرچەرخانی نوێ و پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێ و لە چەندایەتی و چۆنایەتی بەسوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم و فەراهەمکردنی ئازادیی ڕادەربڕین پانتاییەکی فراوانی بۆ خۆی گرتووە، ئەگەرچی بەدەر نەبووە لە کەموکورتی و تەنانەت هەندێ جار هەوڵی بەلاڕێدابردنیشی دراوە؛ دەخوازین لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان پابەندی کاری پیشەیی و گەیاندنی ڕاستی ڕەوتی ڕوداوەکان وەک خۆی بن و لەم هەلومەرجە ناسکەی گەلەکەماندا وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرخودان و پشتیوانی پرسە ڕەواکەمان بن بۆ گەیشتن بە خەون و هیوا و ئاوات و ئەو مافانەی شەهیدان بەخوێنی ئاڵیان بۆیان چنیوین دووبارە پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەین؛ سڵاو لە گیانی پاکی میقداد مەدحەت بەدرخان و حسێن حوزنی موکریانی و پیرەمێرد و تەواوی ئەو زاتانەی لەسەر دەستی ئەوان ڕۆژنامەگەری کوردی پەرەی سەند و، بەم قۆناغەی ئێستا گەیشت؛ بەرز و پیرۆز بێ یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی.
دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
22/4/2015




