فەخرەدین قادر: لەگەڵ پارتی هاوڕا بووین

هەولێر-KDP.info-سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستاندا هەردوو لا ھاوڕا بووین کە دەشێ گورجێ پرسی دەستوور و، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکەینەوە بۆ ئەوەی کەلێنی یاسایی دروست نەبێت.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان (فەخرەدین قادر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ پرسی دەستوور و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان سەردانی پارتیی دیموکراتی کوردستانمان کرد و، پێمان ڕاگەیاندن بۆ پرسی دەستوور یاسایەکمان پەسەند کردووە و، بەپێی ئەو یاسایەش لیژنەیەک دروست دەکرێت بۆ کارکردن لەسەر دەستوور و، بۆ پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمیش پێویستە لایەنەکان کۆ ببنەوە و، سازان دروست بکەن و، پەرلەمانیش ڕێکاری یاسایی خۆی بگرێتە بەر و، ھەردوو لا ھاوھەڵوێست بووین، کە پێویستە کار بۆ ئەو دوو پرسە گرنگە بکەین."
(فەخرەدین قادر) گوتیشی: "باسمان لەوەش کرد پێویستە گورجوگۆڵ کار بۆ ئەو دوو پرسە بکرێت بۆ ئەوەی کەلێنی یاسایی دروست نەبێت و، لایەنە سیاسییەکان و، پەرلەمان نەکەوبە تەنگانەوە و، ھەردوو لایشمان لەسەر ئەوە ھاوڕا بووین."
(قادر) ڕایشیگەیاند، پارتیی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کردووە بەو زووانە کۆ دەبنەوە و، ئەوەی لای ئەوان پێویست بێت، ھەوڵی بۆ دەدەن و، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیشدا کۆ دەبنەوە بۆ پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم.
دەیشڵێت حەفتەی دادێ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بەو مەبەستە سەردانی لایەنەکانی دیکەش دەکات.
بڵند ئیبراھیم




