سەرۆکی پەرلەمان: دەمانەوێ پرۆسەی سیاسی لە هەرێم ببەینە پێشەوە.. میرانی: دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێین بە مەرج و سنوورەکانی سبەینێشەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (یووسف محەممەد) ڕایگەیاند، هاوتەریب کار لەسەر هەردوو پرس، دەستوور و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمدا دەکەن و، دەخوازن لە ماوەیەکی کەمدا بتوانن کارەکانیان تەواو بکەن. هاوکات دەربارەی سەردانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ میرانی) رایگەیاند، کە دەگەڕێینەوە پرسە نشتیمانی و سیاسییەکان دەبێ دوور لەوەی بیری حیزبایەتی بە دوای چارەسەری باشتردا بگەڕێین؛ ئەگەرچی دەشگوترێ، ڕانەوەستان تا دەستووریان نەبردە پەرلەمان، بەڵام ئەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دەڵێن با سازان بێنینە ئاراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (یووسف محەممەد) و جێگری سەرۆکی پەرلەمان(جەعفەر ئێمینکی) و سکرتێری پەرلەمان(فەخرەدین قادر)، سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و پاش کۆبوونەوەیان، کۆنفڕاسنی ڕۆژنامەوانی بۆ هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (یووسف محەممەد) و سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان(فازڵ میرانی) ساز درا.
لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی پەرلەمان گوتی، سەرۆکی پەرلەمان گوتوێژمان کرد دەربارەی ئەو پرسانەی هەنگاومان بۆیان ناوە و ئەوانەیش کە دەبێ هەنگاویان بۆ بنێن، تا پرۆسەی سیاسی لە هەرێم ببەینە پێشەوە. مەبەستمانە بارگرانییەکانی سەر خەڵکی هەرێم کەم بکەیەنەوە لە کاتێکدا لە شەڕێکی قورسی تیرۆرداین لەگەڵ داعشدا.
(یووسف محەممەد) گوتیشی، سەردانەکانمان دۆخی دیالۆگی ئاسانتر کردووە، هەڵبەت هەنگاوی یاساییشمان ناوە تا دانوستانەکان یاساییانە بە کۆتا بێنین.مەبەستمانە لە ڕێی یاسا و دەستووری سازانی نیشتیمانی بێنینە ئاراوە.
کۆبوونەوەکە کە تایبەت بوو بە سازان لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان کە دەستوور و پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بوو، سەرۆکی پەرلەمان دەربارەی لیژنەکە گوتی، پێویستە یاساکە لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە پەسند بکرێ دواتر کارەکانیان بکەنە، بەڵام لە ئێستادا لە نێو خۆیاندا گفتوگۆ هەیە.
دواتر (فازڵ میرانی)، خۆشحاڵیی خۆیانی لە سەردانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نیشان دا و، گوتی، پرسگەلێکی گرینگ و هەنووکەیی باس کران، وەک دەستوور و سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەو دۆخەی تێیدا دەژین.
(میرانی)، هەر لە دەستپێکی قسەکانیدا ڕایگەیاند، با ئەولەویەتی ئێمە پاراستنی ئەم هەرێمە و دەستکەوتەکانی بێ، (میرانی) گوتیشی، کە دەگەڕێینەوە پرسە نشتیمانی و سیاسییەکان دەبێ دوور لەوەی بیری حیزبایەتی بە دوای چارەسەری باشتردا بگەڕێین،
وەک گلەیێکیش کە پەرلەمان ڕۆڵ بۆ سازانی نێوان لایەنەکان لە هەردوو پرسەدا دەبینێ، گوتی، دەگوترێ کە ڕانەوەستان تا دەستووریان نەبردە پەرلەمان، بەڵام ئەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دە:ێن با سازان پەیدا بکەین.
دەربارەی هەڵوێستی پارتییش لەمەڕ ئەم دوو پرسە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی پەیڕەوی لەو میتۆدە دەکات کە هاوکاریی پەرلەمانی خۆی دەبێ و ڕۆڵی پەرلەمانیش گرینگ دەبینی، لەوەی کە هەوڵی خۆی دەدات؛ هەڵبەت پەرلەمان نوێنەرایەتیی هەمووان دەکات و بۆ ئەوەیشە پەرلەمان بەهێزتر نیشان بدەینەوە لەو ڕۆڵەی دەیبینن.
زیاتر گوتی، لە ئێستا و دەربارەی پرسەکان، ئێمە و پەرلەمان و هێزە سیاسییەکان بیر لەوە دەکەینەوە ئاساییش و سەقامگیریی هەرێم بپارێزین. سەرۆکایەتیی پەرلەمان ڕۆڵی خۆی دەبینێ و هێزەکانیش بە هەمان شێوە، هەڵبەت ئێمە هاوبەشییەکان زیاتر برەو پێ دەدەین و زیاتر دەیانبینین.
(فازڵ نیرانی) گوتیشی، وا نیشان دراوە دەستوور تەنیا هیی ئێمەیە لە کاتێکدا هیی هەمووانە، دەربارەی هەبوونی جیاوازییش لەمەڕ شێوازی سیستمی حوکم دەڵێ، جیاوازییەکانی شتێکی سرووشتین.
لەبارەی دیتی پارتی بۆ دەستوور (میرانی) گوتی، هەڵبەت ئەو دەستوورەی کە هەیە لە ماددەی یەکیدا ڕوونە کە چ دەڵێدەڵێ، ئینجا هەڵبژاردنی سەرۆک لە پەرلەمان یان لە دەرەوەی، شێوەی سیستمی حوکم دیاری ناکات، بەڵام ئێمە بە نەفەسێکی ئارامتر و بۆ بەرژەوەندیی گشتی ئارامتر گفتوگۆ دەکەین، هەوڵ دەدەین شێوەکانی سیستمی حوکم هەم بۆ دەستوور و هەم بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم بێنینە ئاراوە.
جەختیشی کردەوە کە، دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دادەنێین بە مەرج و سنوورەکانی سبەینێشەوە.




