لە سەعدییە گۆڕێكی بەكۆمەڵی دیكە هەڵدرایەوە و تەرمی تێدایە لەناو سەلاجە بووە

سەعدییە-KDP.info- ئەمڕۆ لە لایەن تیمێكی تایبەتەوە، لە ناوچەی كوباشی نزیك ناحیەی سەعدییە لە سنووری خانەقین، گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەڵدرایەوە و بە گوتەی سەرچاوەیەك ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە ژمارەیەك لە تەرمەكان لەناو سەلاجەدان.
سەرچاوەكە بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ تیمێكی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان كە هێزێكی ئەمنیی تایبەتیان لەگەڵدایە، هەروەها هێزێكی پێشمەرگەیش یاوەرییان دەكات، گەییشتنە ناوچەی كوباشی لە سنووری شارەدێی سەعدییە بۆ مەبەستی هەڵدانەوە گۆڕێكی بەكۆمەڵ.
سەرچاوەكە گوتیشی، بەپێی زانیارییەكان كە لە هێزە ئەمنییەكانەوە بە دەست هاتوون، لە لایەن تیمەكەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 10 تەرم دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە، لەناو گۆڕەكەدا چەند تەرمێك هەیە لەناو سەلاجەدا دانراون كە ئەو سەلاجانە لە نەخۆشخانەكاندا بۆ هەڵگرتنی تەرم بەكار دەهێنرێن.
سەرچاوەكە ئەوەیشی خستە روو، پێدەچێت ئەو تەرمانە هیی تیرۆریستانی داعش بن، هەر بۆیە خراونەتە ناو ئەو سەلاجانەوە بۆ ئەوەی دوایی بناسرێنەوە.
تاوەكو ئێستا لە ناوچەی كوباشی نێوان سەعدییە و جەلەولا لە سنووری شاری خانەقین، ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە كە پێكهاتوون لە "پێشمەرگە، سەرباز و پۆلیسی عێراقی، هاووڵاتیانی مەدەنی" كە هەموویان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە شەهید و كوژراون.
بۆ بەدواداچوونی زیاتر، پەیامنێری ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان پەیوەندیی بە چەند بەرپرس و لێپرسراوێكی ناوچەكەوە كرد، لەناویاندا بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە، بەڵام پەیوەندییەكان سەركەوتوو نەبوون.




