سەرحەد قادر: تیرۆریستان دەیانەوێت بە تەقینەوە قەرەبووی شكستەكەیان بكەنەوە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی كەركووك دەڵێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەرجەم میحوەرەكان سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە و بەشێكی زۆری باشوور و ڕۆژئاوای كەركووكی ئازاد كردووە، بۆیە تیرۆریستان ناتوانن وەڵامی پێشمەرگە بدەنەوە و دێن و هەوڵی ترسنۆكانە دەدەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك عەمید (سەرحەد قادر) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوای كەركووكدا سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە و لە تێكشاندنی تیرۆرستان بەردەوامە، لە ناوخۆی كەركووكیش دەستگا ئەمنییەكان و پۆلیس و پێشمەرگە چاوكراوەن بۆ وەدەرنانی تیرۆرستان، بۆیە ناوە ناوە تیرۆریستان دەیانەوێت پەیامی خۆیان لە ڕێگای هەوڵی ترسنۆكانەوە بگەیەنن، ئەویش بە تەقینەوە و چالاكیی شانەی نووستوویان.
عەمید (سەرحەد) گوتیشی: "تەقینەوەی دوێنێ شەوی "مەیدان تەیار" لە شاری كەركووك، هەوڵێكی ترسنۆكانەی تیرۆریستانە، چونكە باش دەزانن لە بەرانبەر پێشمەرگەدا شكستیان بردووە و دەیانەوێت بەو شێوەیە قەرەبووی شكستەكەیان بكەنەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ڕاوەدوونانی تیرۆریستان بەردەوام دەبین".
کارزان سەباح هەورامی




