عەبدوڵڵا وەرتی: هەمووان بڕیارمان داوە چاودێریی بەڵێنەكانی بەغدا بكەین

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەدات و دەڵێت: "لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمیشدا بڕیاری گرینگ لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوولا دراون، هەموو هێزە سیاسییەكانیش بڕیارمان داوە چاودێریی بەڵێنەكانی بەغدا بكەین".
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان (عەبدوڵڵا وەرتی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێك لە خاڵە گرینگ و سەرەكییەكانی ئێستای ناوخۆی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی هەولێر و بەغدایە كە لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا ئاماژەی پێ دراوە و جەختیش لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێت بەغدا چیتر لە ڕووی لۆجستی و سەربازییەوە خۆی لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە نەدزێتەوە و نابێت چیتر بەغدا ڕێگری لەو هاوكارییە نێودەوڵەتیانە بكات كە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەنێردرێن".
(وەرتێ) گوتیشی: "بڕیارە لەسەر بابەتی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا شاندی فەرمی لە نێوان هەردوولا هەماهەنگی و سەردانی یەكدی بكەن، بۆیە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان بە سەرجەم هێزە سیاسییەكانەوە چاودێری و ڕەقیبی سەرجەم ئەو بەڵێنانە دەبین كە لەلایەن بەغداوە بە هەرێمی كوردستان دراون، تا دواخاڵیش بەدواداچوون دەكەین بزانین حكوومەتی عێراق پابەندی ڕێككەوتنەكەیە یان نا".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵدا دەبێت بەغدا هەماهەنگیی زۆر لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات، چونكە سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە بارەی ئازادكردنەوەی مووسڵ و بەشداریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بڕیاری خۆی دەبێت و ئەمەیش ڕاشكاوانە بە حكوومەتی عێراق دەگوترێت، بەڵام دەبێت ئەم بابەتە لە ناوخۆی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسی یەكلا بكرێتەوە".
کارزان هەورامی




