٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەت پیرۆزبایی لە میدیاکاران دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی سەدوحەڤدەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە ڕایدەگەیێنێت "هەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین پایەیەکی سەرەکیی سیستمی دیموکراسییە لەم کۆمەڵگایەدا و، دەبێ ئەم ئازادییە لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانیدا کاری لەسەر بکرێت".

لە سەدوحەڤدەهەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیدا و بە بۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم میدیاکارانی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و، پێشکەوتنیان بۆ دەخوازین لەپێناو گەیاندنی پەیامی دروستی پیشەییانە و نیشتمانیانەی کارەکەیان، کە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگیی کۆمەڵگای کوردستاندا ببینن.

مایەی شانازییه‌ کە کۆمەڵگای کوردستان بە جیاوازیی  بیروڕاکانیەوە، لە کەشێکی ئازاددا خاوەنی دەیان دەزگای جۆراوجۆری میدیاییە. هەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین پایەیەکی سەرەکیی سیستمی دیموکراسییە لەم کۆمەڵگایەدا و دەبێ ئەم ئازادییە لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانیدا کاری لەسەر بکرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چ لە میانەی دەزگا پەیوەندیدارەکانی و، چ لە میانەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستاندا، وێڕای هەر خزمەت و کارئاسانییەک بۆ میدیاکاران، هەمیشە پەرۆشی پاراستن و دابینکردنی ئەو مافە ڕەوایانەیە کە دەبێ میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم هەیبێت. فەراهەمکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی میدیایی وەک ئەرکێکی سەرەکییە لە بەرنامەی حکوومەتدا، چاوەڕوانیشمان لە میدیاکارانی کوردستان، ڕۆڵگێڕانیانه‌ لە پتەوکردنی زیاترى بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیری، وێڕای ڕۆڵی گرنگیان لە هاوکاریکردنی حکوومەت لە میانەی چاودێری و بەدواداچوونی کار و پرۆژە جۆراوخۆرەکانی حکوومه‌ت، بە شێوەیەکی دروست و پیشەییانە لەگەڵ هەر ڕۆڵ و ئەرکێکی نیشتمانی کە لە ئەستۆی پەیامی میدیاییدایە وەک میدیایەکی نیشتمانیی خاوەن متمانە.

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی دەرچوونی  ڕۆژنامەی "کوردستان" و یادی دامەزرێنەرەکەی مامۆستا "مقداد مەدحەت بەدرخان"، کوردستانیش  هەر ئازاد و سەقامگیر و ئاوەدان و پێشکەوتوو بێت.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
21/4/2015

هەواڵی پەیوەندیدار