٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئیدارەی گەرمیان سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەكان هۆشداری دەداتە UN

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان -KDP.info- بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو ئاوارانەی كە لەو چەند ڕۆژەدا لە پارێزگای ئەنبارەوە ڕوویان لە گەرمیان كردووە، شاندێکی ڕێكخراوی" UN " لە عێراق سەردانی ئیدارەی گەرمیانی كرد و، لە كۆبوونەوەیەكدا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەكە سەبارەت بە خراپیی ڕەوشی ئاوارەكان هۆشداریی دایە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکە".

(هەڤاڵ ئیبراهیم) بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای كۆبووەنەوەكەدا كە لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبووونی هەردوو قایمقامی كەلار و كفری و بەڕێوەبەری شارەدێی قۆرەتوو بەڕێوە چوو." (عەبدوڵا ئەنوەر) جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند: "لە دوای هێرشهێنانی داعش بۆ سەر پارێزگای ئەنبار و تێكچوونی باری ئەمنیی پارێزگاكە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، ژمارەیەكی بەرچاو لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئاوارەی گەرمیان بوون".
ڕوونیش كردەوە: لەبەر داهاتنی گەرما لە گەرمیاندا و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، گوزەرانی ئەو خێزانە ئاوارانە خراپە، بۆیە پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بە زووترین كات لە خەمی ئاوارەكاندا بن و پێویستییەكانیان بۆ دابین بكەن.
ئەوەشی خستە ڕوو، لە بەرامبەردا، خاتوو (دۆمینكا) جێگری بەڕێوەبەری ڕێكخراوی "UN" بۆ كاروباری مرۆیی لە عێراق، دەستخۆشی لە ئیدارەی گەرمیان كرد كە سەرەرای قەیرانی دارایی خزمەتگوزاری پێویستی بۆ ئاوارەكان دابین كردووە بە تایبەتیش لە كەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاری سەرەتاییدا.
وتیشی، بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەوڵ دەدەن میكانزمێكی گونجاو بدۆزنەوە و، یارمەتی مرۆیی پێویست بگەیێنین بە ئاوارەكان.
بەهۆی شەڕ و پێكدادانی چەكدارانی داعش و حەشدی‌شەعبی، نزیكەی چوارهەزار خێزانی سنووری پارێزگای ڕومادی ڕوویان لە گەرمیان كردووە و، بە وتەی ئەو خێزانانەش داعش ناچاری كردوون ناوچەكەیان بە جێ بهێڵن.
كاروان جاف

هەواڵی پەیوەندیدار