پێنجوێن دەبێتە خاوەنی پەیمانگا

پێنجوێن-KDP.info-بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و، پێگەیاندنی كەسانی پسپۆڕ لە شارۆچکەی پێنجوێن و دەوروبەری بڕیارە ئەمساڵ ئامۆژگا (پەیمانگا)یەك لە پێنجوێندا بكرێتەوە؛ هەر بۆ ئەو کارە، شاندێك لە هەموو چینوتوێژێکی خەڵکی پێنجوێن تا چەند ڕۆژی دی، سەردانی وەزیری پەروەردە دەكەن.
(عەبدولباقی پێنجوێنی) ئەندامی دەستەی داكۆكی لە مافی خەڵکی پێنجوێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە پارەوە هەوڵ دەدەین قەناعەت بە لایەنی پەیوەندیدار بکەین، ئامۆژگایەک لە شارۆچکەی پێنجوێندا بكەنەوە؛ جا بە پشتیوانیی ئەوان زۆربەی پێداویستەكانی ئامۆژگاکەیشمان پی دابین کراوە."
هێماشی بەوە كرد ئێستا ستافی ئیداری و پێداویستی ئامۆژگاكە تەواو بووە و ڕاگریشی بۆ دیاری كراوە؛ هەر ئەوەندە ماوە یانەیەکیشی بۆ دابین بکەین؛ قوتابخانەیەكمان دیاری كردووە بكرێتە بینای پەیمانگاكە، بەڵام لەبەر ئەوەی بیناكە هین وەزارەتی پەروەردەیە، دەشی وەزیری پەروەردە ڕازی بکەن، ئەویش جارێ دیار نییە."
ئەندامەكەی دەستەی داكۆكی لە مافی هاووڵاتیانی پێنجوێن ڕوونیشی كردەوە بڕیارە تا چەند ڕۆژی دی، شاندێك لە چینوتوێژەكانی خەڵكی پێنجوێن سەردانی وەزیری پەروەردە بكەن بۆ ئەوەی قەناعەتی پێ بکەن جارێ بینای ئەو قوتابخانەیەمان پێ بدات هەتا ساختمانێکی گونجاوتری بۆ دروست دەكرێت.
ئاسۆ عەلی




