یەكێتی و گۆڕان نایانەوێت پارتی لە پارێزگای هەڵەبجەدا بەشی هەبێت

سلێمانی-KDP.info-سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ، پارتی لەمێژە داواكاری خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە پێشكەش كردووە، بەڵام یەكێتی و گۆڕان هێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، دیارە نایانەوێ لە حكوومەتە خۆجێییەكەی هەڵەبجەدا بەشمان هەبێت.
(زیاد كاكەڕەزا) سەرۆكی لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە داوای خۆمان بۆ وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە پێشكەش كردووە و داوای قایمقامی ناوەندی هەڵەبجەمان كردووە، بەڵام بە داخەوە یەكێتی و گۆڕان هێشتا وەڵامیان نەداوینەتەوە؛ دیارە برادەرانی یەكێتی و گۆڕان نایانەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری لە پێكهێنانی حكوومەتە خۆجێییەكەی هەڵەبجەدا بكات، جا ئەمە غەدرێكی گەورەیە لە 'پارتی'ـی دەكەن."
(زیاد كاكەڕەزا) ڕوونیشی كردەوە كە: "بە ڕێكەوتن پۆستی قایمقامی ناوەندیی هەڵەبجە بەر پارتی كەوت بەڵام دراوە بە یەكێتی و، تا ئیستا هیچ پۆستێکی پارێزگای هەڵەبجە نەدراوە بە پارتی، لەگەڵ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ لیستی خزمەت ڕێككەوتون لەسەر دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە، ئاخر هیچ پۆستێك نەماوەتەوە تا پارتی داوای بكات لە هەڵەبجەدا، ئەگەر پۆستێكی سیادی لە هەڵەبجەدا بە پارتی نەدرێت ئەوا ئێمە بەشداری لە پارێزگای سلێمانیش ناكەین و، با پۆستەكانی 'سلێمانی'ـیشمان بۆ یەكێتی و گۆڕان بێت."
سەرباز واحید




