دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی: هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی تەواوی ئازادیی ڕادەربڕین و فرەدەنگینە

هەولێر-KDP.info-دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی (117)هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی كوردییەوە، دەڵێ، لە یادی ڕۆژنامەوانیی كوردیدا پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئازادی ڕادەڕین و بیروڕا و فرەدەنگی دووپات دەكەینەوە.
ئەمەیش دەقی پەیامی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی بەبۆنەی (117)هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەریی كوردی:
لە (117)هەمین ساڵوەگەڕی جەژنی ڕۆژنامەگەریی كوردی هەست بە شانازی و گەورەیی هزر و قەڵەمی نووسەر و ڕۆشنبیرانی كورد دەكەین، ئەوانەی بنەمایەكی ڕاستەقینە و كاریگەر و پڕ بەخششیان لە بواری ڕۆژنامەوانی و كولتووری داڕشت و دەنگی زوڵاڵی وشەی كوردییان بە جیهان گەیاند، دەستپێكیش بە پێی هەلومەرجەكانی ئەوسا و دەرەنجامی كۆمەڵە هۆكارێكی سیاسی دەرەكی و، ناوخۆیی كە هاوكات بوو لەگەڵ پەرەگرتنی بواری بیری سیاسی و كۆمەڵایەتی وەك مینبەرێكی ئایدیۆلۆجی، سیاسی، كوردی لە ((22ـی نیسانی 1898)) لەسەر دەستی مقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم ڕۆژنامەی كوردی لە (قاهیرە) بە ناوی (كوردستان) دەرچوو.
ڕۆژنامەی (كوردستان) لە ڕووی بیری سیاسی كوردیدا ڕۆڵێكی پێشەنگی هەبوو، كەسانی پێشەنگی ڕۆژنامەگەریی كوردی كەسانی ڕۆشنبیر بوون، كاتێك ڕۆژنامەكە گرنگیی دەدا بە بواری ڕۆشنبیری و ئەدەبی و زمان و مێژوو، هەمدیسان مایەی شانازی نەتەوەییەمانە، كە بەسەر لاپەرەكانیدا سەردەمێكی تازەی لە كرانەوەوگەشانەوە خستەسەر پشت، گوزارشی لە كێشەی گەلێكی بەشمەینەت دەكرد.
ئەو پرۆژە ڕۆژنامەوانییە وەك پردێكی ڕۆشنبیری وابوو لە نێوان كوردستان و وڵاتانی دیكە، ڕۆژنامەی كوردستان هەر لەسەرەتای دەرچوونیەوە گرنگی دابوو بە كێشە چارەنووسازەكان و، ڕۆژنامەوانیش بوو بەو مینبەرە جیاودیارەی ڕۆشنبیرانی كورد بۆ دەرخستنی خواست و ویست ودەردەسەری ڕۆڵەكانی گەلەكەیان، پەیامی ڕۆژنامەكە پرەنسیپەكانی ئاشتی و برایەتی و ئاشتەوایی بوو، دژ بە چەوسانەوە بوو.
كاروانی نەسرەوتووی ڕۆژنامەوانی كوردیمان لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە كوولتوری و فەرهەنگی و ڕۆژنامەوانییەكانیدا ڕێگایەكی سەخت و دژواری بڕیوە، ڕووبەڕووی جۆرەها كۆسپ و بەربەست بووەتەوە وكۆڵی نەداوە تا بە ئەمڕۆی گەیاندووە، بۆیە مایەی شانازیمانە كە ئەو ڕەوتە ڕۆشنبیریە بە قوربانیدانێكی مەزنەوە بەردەوام بووە و خاوەن دەسكەوتێكی زۆر و بەهاداریشە.
ئەو دەسكەوتە مەزنەی ڕۆژنامەگەریی كوردی وەك گەنجینەیەكی نەتەوەیی بووە هۆوهاندەرێك بۆ زیاتر هەڵكشان و، برەودان بەبواری دیكەی گرنگی ژیانی سیاسی و ڕۆشنبیری و كولتوری، هەروەها هێزێكی تازەیشی بەخشیە ژیانی ڕۆشنبیری كوردیمان، بۆیەش پاشان بووە هۆكارێكی بنەڕەتی گەشەكردن و نوێبوونەوە و، سیستمازەكردنی بواری پیشەیی و ئەدەبی و فەرهەنگی.
ئاشكرایە ڕۆژنامەگەریی كوردی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەبات و بزووتنەوەی ئازادیخوازیدا چەكی بەرگری و سەنگەری هۆشیاریی و جۆشدانی گیانی بەرخودان و مقاوەمەت بووە، بڵندگۆیەكی ڕاستەقینە و بوێری شۆڕش و ڕاپەڕینەكان بووە، لەو كاروئەرك و تێكۆشانەیدا زەوینەیەكی لەباری ڕەخساند بۆ برەودان بە هۆشیاریی نەتەوەیی و پەرەگرتنی بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری و تەبایی و یەكڕیزی، لە هەر سەردەمێكدا هێزێكی كاریگەر و، داكۆكیكارێكی سەرسەختی ڕەسەنایەتی بووە لە ڕووی كوولتور و ڕۆشنبیری نەتەوەییەوە، هەروەها ئامڕازێكی پارێزەرانە و پەرەپێدەر و نوێبوونەوەی ئەدەبیات و زمان و وشەی ڕەسەنی كوردیش بووە.
میدیاكاران، رۆژنامەوانانی بەڕێز!
ئەمڕۆ لە سایەی ئەزموونی حوكمڕانیی خۆماڵی كوردستان و ئازادی و دیموكراسی و فرەرەنگی لە هەموو بوارەكاندا، جارێكی دیكەو بە سیستماتیزەكردنی لەرووی یاسایی و دەستووریەوە، ڕۆژنامەگەریی كوردیی بە گوڕوتینێكی زۆر و بەربڵاوانەتر لە هەر سەردەم و قۆناغێكدا لە مەیدانە، بۆیە وەك دەسەڵاتێكی كاریگەر و هەستیار دوو ئەركی گرنگی لە ئەستۆدایە یەكەمیان: ڕۆڵی پیشەوەرانەی خۆی ببینێ و لەگەڵ پێشكەوتن وگۆڕانكاریەكانی سەردەم پەرەی پێبدات و باشتری بكات، دووەمیشیان: بەرپرسیاریەتی مێژوویی لە ئاست خواست و ویست و هیوا و ئامانجە چارەنووسسازەكانی گەلەكەماندا بێ، بۆیەش پێویستە زیاتر و زیاتر لەو هەلومەرجە نالەبارەی شەڕی داسەپاو و نەویستراوی تیرۆریستاندا دامودەزگاكانی میدیا بە هەموو شێوەوجۆرەكانیانەوە ڕۆڵی شیاو و ئەرێنیی خۆیان بگێڕن و وەك هەمیشە و درێژەپێدەری ئەو كاروانە شكۆدارەو بەپێی بنەماوپێوەرەكانی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و نیشتمانیەوە شانبەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گیانفیدایی ڕۆڵەكانی گەلەكەمان، ئەو پەیامە نیشتمانی و نەتەوەییەی خۆیان بگەیەنن و تا بكرێ لە كێشەوگیروگرفتی لابەلاو لاوەكی و ڕاوبۆچوون و ڕوئیاو هەڵوێستی ناڕاست و نەزعەی دیماگۆگیانە و، فریودەرانەونابەرپرسانە خۆیان بەدوور بگرن و، زۆر وریا بن لەوەی نەكەونە بەر تەڵەی ئامڕاز و داردەستی و بڵندگۆی ژەهرپژێنی ئەو ناحەز و نەیار و ناپاك و دوژمنانەی هەمیشە هەڕەشە و مەترسی بوونە بۆ سەر ئاییندەی و خاك و نیشتمانەكەمان.
لە ئەزموونی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا كە زەوینە و دەرفەتی ئازادی بیروڕاو ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەریی فەراهەم كراوە و بە دەیان و سەدان دەزگا و كەناڵ و بڵاوكراوەی هەمەجۆر و هەمەڕەنگ هەن لەسەر گۆڕەپانەكە كاری خۆیان ئەنجام دەدەن، ئەمە وا دەخوازێ ڕۆژنامەگەریی كوردی، پەیامی ڕاستەقینەی خۆی هەمیشە لە بەر چاو و لە بیریدا بێ، ڕۆژنامەوان هۆشیارانە كار بكات بۆ پیادەكردنی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و داكۆكیكردن لە كێشە ڕەواكان و دیاردە ئەرێنیەكان و ڕەچاوكردنی ڕاستییەكان و مسداقیەتی كارەكەی، هەروەها سووربوون و بەرگری لە مافی هاووڵاتیان بەبێ جیاكاری لەرووی پێكهاتەی ئایین و ئایینزاو خستنەرووی گیروگرفتەكانیان و پتەوكردنی بەهای یەكسانی و دادوەریی كۆمەڵایەتی.
لە یادی ڕۆژنامەوانیی كوردیدا پاڵپشتی و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ئازادی ڕادەڕین و بیروڕا و فرەدەنگی دووپات دەكەینەوە، بۆ ڕەخساندنی زیاتری بواری كاری ڕۆژنامەوانیی بەپێی بنەماو پرەنسیپە گونجاو و هەرە پێشكەوتووەكانی كاركردنیان وەك باوە لەسەر ئاستی وڵاتانی مۆدێرن و پێشكەوتوودا و ئاسانكاری بۆیان و، كەمكردنەوە و نەهێشتنی پێشێلكاری و، دیاردەی دزێو.
لە جەژنی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، سڵاو و ڕێز لە بەدرخانییەكان و گشت ئەو ماندوویینەناس و خەباتكارە نادیارانەی ڕێی ڕەسەنی قەڵەم و وشەی شیرینی كوردی...
هەر شكۆدار بێت (117) هەمین بیرەوەری دەرچوونی ڕۆژنامەی (كوردستان) و ڕۆژنامەگەریی كوردی..
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتیی دیموكراتی كوردستان

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
