هێمن هەورامی: دەبێ ناوچەکە و جیهانیش درک بەو راستییە بکەن کە کورد خاوەن پێگەیەکی بەهێز و گرینگە

هەولێر-KDP.info-(هێمن هەورامی) لە پێشوازی ژمارەیەک لە نووسەر و لێکۆڵەر و قوتابیانی هۆڵەندیدا دەڵێ، ڕۆژهەڵاتی ناوین بەبێ چارەکردنی پرسی کورد ئیسراحەت ناکات، چونکە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا خاوەن پێگەیەکی بەهێز و گرینگە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان (هێمن هەورامی) پێشوازی لە ژمارەیەك لە نووسەر و قوتابی و لێكۆڵەری هۆڵەندی كرد.
(هەورامی) وێڕای بەخێرهینانی شاندی میوان دوا بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەی بۆ شی كردنەوە و ڕوانینی سەركردایەتیی یارتیشی لەو بارەوە بۆ ڕوون كردەوە، كە دەبێت تەواوكەری ئەو هەوڵانەی (سەرۆك بارزانی) بین لە پاراستنی گەلی كورد لەو تەوژمە شەڕانییەی كە ناوچەكەی هەراسان كردووە، هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیان بوو، كە (هێمن هەورامی) پێی وابوو یەكەم بژاردە بۆ چارەكردنی كێشەكان دیالۆگە لەسەر بەرژەوەندیی دوولایەنە، هەروەها وەك سەركردایەتی كورد سازش ناكەین لەسەر بچووكترین مافی كوردان كە بە خوێن وەدی هاتوون.
لە دانیشتنەكەیاندا ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی، سەبارەت بە ئاشتی و ئارامی لە خۆرهەڵاتی ناوین ڕایگەیاند، دەبێت ناوچەكە و جیهانیش درك بو ڕاستیانە بكەن كە كورد خاوەن پێگەیەكی بەهێز و گرنگە، گەر ڕۆژهەڵاتی ناوین بیەوێت ئارامی وەخۆیەوە ببینێت، دەبێت پرسی كورد ڕەچاو بكەن؛ پێچەوانەكە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەرگیز ئۆقرە بە خۆیەوە نابینێت.
سەنگەر هەورامی




