٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لۆفت هانزا گەشتەكانی بۆ هەولێر دەست پێده‌كاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشوازی كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانیی لۆفت هانزاى بۆ هەولێر به‌ جێگەی دڵخۆشی له‌ قه‌ڵه‌م دا و جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێم لە پشتگیریكردنی قوتابخانه ئەڵمانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان بەردەوام ده‌بێت و كار و سەلامەتییان پارێزراوه‌.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 21/4/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (دیێتێر لاملێ) كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرا دەربڕی كە هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو، هەروەها پشتگیریی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێم و بەردەوامیی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە و پێشكەشكردنی یارمەتیی زیاتر لە هەموو ڕوویه‌كەوە، دووپات كرده‌وه‌. ئاماژەی بەوەش كرد هێڵی ئاسمانیی لۆفت هانزا كە ماوەیەك له‌مه‌وبه‌ر گەشتەكانی بۆ هەولێر ڕاگرتبوو، دەست بە گەشتەكانی دەكاتەوە.

 

هه‌روه‌ها پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ كەسوكاری شەهید و قوربانیانی تەقینەوە تیرۆریستییەكەی هەفتەی ڕابردووی شارۆچكەی عەنكاوە ده‌ربڕى و دەستخۆشی لە حكوومەت و هێزەكانی ئاسایشی هەرێم كرد كە لە كاتێكی زۆر نزیكدا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە تیرۆریستییەیان دەستگیر كردووە. سوپاس و پێزانینى پێشكەش به‌ حكوومەتی هەرێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانیش بۆ ئەو پشتگیرییەی كە لە قوتابخانە ئەڵمانییه‌كان لە هه‌رێم دەكرێت.

 

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیران سوپاس و پێزانینی بۆ یارمەتی و پشتگیرییەكانی ئەڵمانیا بۆ حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوای كرد كە یارمەتییەكان لە ڕووی سەربازی و مەشق و مرۆییەوە بەردەوام بن و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ سەردانی بەردەوامی شاندە باڵاكانیان بۆ هه‌رێمى كوردستان، بەتایبەتی شاندی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەڵمانیا كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.

هەروەها دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانیی لۆفت هانزاى بۆ هەولێر به‌ جێگەی دڵخۆشی له‌ قه‌ڵه‌م دا و جەختی لەوەش كردەوە كە حكوومەتی هەرێم لە پشتگیریكردنی قوتابخانه ئەڵمانییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان بەردەوام ده‌بێت و كار و سەلامەتییان پارێزراوه‌.

سەرۆكوەزیران باسی لە ڕەوشی هەرێمی كوردستان و عێراقیش كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵی بەردەوام لە ئارادان بۆ باشتركردنی ئەو پەیوەندییانە و ڕوونى كردەوە كە هەناردەی نەوت لە ئێستادا لە ئاستی پێویستدایە و هەوڵ دەدرێت زیاتر بكرێت و ئه‌و گرفتانه‌ى لەمبارەیەوە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەن، چارەسەر بكرێن.

 

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی گشتیی ئابووریی هەرێمی كوردستان و گرفتەكان و دوا پێشهاتەكانی بەرەی شەڕی دژی تیرۆر كرا و ئاماژە بەوە درا كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا بەردەوامە و نەبەردانە بەرگری لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی هەرێمی كوردستان و هەموو جیهانی ئازاد دەكات و ڕۆژانە تیرۆر دووچاری شكستی گەورە دەكاتەوە، كە ئەمەش بووەتە جێگەی ڕێز و پێزانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی گشتی.

هەواڵی پەیوەندیدار