زیاتر لە 40 تیرۆریستی داعش لە شکستیان بەرانبەر بە پێشمەرگە تێدا چوون

تەلەعفەر-KDP.info- عەمیدێكی فەرماندەییی دهۆك ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە گوندێكی نزیك سنووری تەلەعفەر هێزەكانی پێشمەرگە هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان تێك شكاند و، ژمارەیەكی زۆر تیرۆریستی داعش كوژران.
عەمید (كامل هەركی) لە فەرماندەییی دهۆكی هێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەعات پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، تیرۆریستانی داعش لە گوندی سەهلولمالح كە دەكەوێتە باكووری تەلەعفەرەوە، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام هەر زوو هێزەكانی پێشمەرگە رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەوە و لە ماوەی چەند سەعاتێكدا توانرا هێرشەكەیان تێك بشكێنرێت و ئێستا تیرۆریستان ڕادەكەن و هێزەكانی پێشمەرگەیش بەدوایانەوەن و بە گوللە دەیانپێكن".
عەمید (كامل) گوتیشی: "لە ئەنجامی تێكشكاندنی ئەو هێرشەی تیرۆریستانی داعش، لە لایەن پێشمەرگە قارەمانەكانەوە گورزی كوشندەیان لێ وەشێنرا و لاشەی 14 تیرۆریستی داعش بەجێ ماون، هەروەها بە گوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 40 تیرۆریستی داعش كوژراون".
نەشوان بەرزنجی




