محەممەد كەمال: پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە بەردەوام دەبن

كەركووك-KDP-info- بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی لە كەركووك ڕایگەیاند، پێشڕەویی هێزەكانی پێشمەرگە لە باشوور و ڕۆژئاوای شارەكەدا بەردەوام دەبن و پێشڕەوییەكی باشیش كراوە. دەشڵێت، هەڵمەتی دەستگیركردنی داعشەكان لە شاری كەركووك بەردەوامە و شانە نووستووەكانیان لە ڕیشەوە دەردەهێنرێن.
بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی لە كەركووك (محەممەد كەمال) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پێشمەرگە كۆمەڵێك شوێنی گرینگ و ستراتیژیی ئازاد كردوون كە كاریگەرییەكی تەواویان لەسەر ئەمنییەتی كەركووك دەبێت، بە تایبەت گوندەكانی "عوزێریە" "عەتشانە" و "بانشاخ" و "گوامات" و سەرجەم شوێنەكانی دیكە كە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە ئازاد كراون".
(محەممەد كەمال) ئاماژەیشی دا: "ئەو ناوچانە نزیك بوون لە كاكەییەكان و گوندی بەشیر، بۆیە پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و بەردەوام دەبێت لە ئازادكردنەوەی شوێنەكانی دیكەی پارێزگای كەركووك".
گوتیشی: "پێشمەرگە بە درێژایی باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك پێشڕەویی زۆر باشی كردووە، ئەمەیش وای كردووە كە ئارامیی زیاتر بۆ ناوشاری كەركووك بگەڕێتەوە، چونكە بە پێشڕەویی پێشمەرگە ئەمنییەتی ناوشاری كەركووك سەقامگیرتر دەبێت، ئێستایش بەپێی بەرنامە و پلانی هێزی پێشمەرگە پێشڕەوییەكان لە باشووری كەركووك و ڕۆژئاوای شارەكە بەردەوام دەبن و كۆمەڵێك شوێنی دیكەیش دەمێننەوە، ئەمانیش دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق ئازاد بكرێن، چونكە ناكرێت بە تەنیا پێشمەرگە بچێتە شەڕەكەوە بە تایبەتی شاری حەویجە".
بەرپرسی لقی پارتی لە كەركووك هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، هەڵمەتی دەستگیركردنی داعشەكان لە شاری كەركووك بەردەوامە و شانە نووستووەكانیان لە ڕیشەوە دەردەهێنرێن.
کارزان سەباح هەورامی




