لە كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانیدا، هێزە سیاسییەكان دەستوەردانیان لە باشووری كوردستان ڕەت كردەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی بەشداربووی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ئاماژە بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە دەكات و دەڵێت، زۆر گرینگ و ئەرێنی بوو و تێیدا سەرجەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەستوەردانیان لە كاروباری باشووری كوردستان ڕەت كردەوە.
بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆكی ههرێم ڕۆژی دووشەممە 20ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە و بە دواداچوون و شێكردنەوەی پرسە هەنوكەییەكانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هێزە كوردستانییەكان بەڕێوە چوو.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان (ئەبو كاروان) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموركراتی كوردستانی گوت: "كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان زۆر گرینگ بوو، بە تایبەت ئەو بابەتەكەی كە پەیوەندی بە ڕێزگرتن لە دامەزراوەكانی باشووری كوردستانەوە هەبوو".
كۆبوونەوەكەی دوێنێ بە مەبەستی تاوتووكردن و ئاڵۆگۆڕكردنی بیروڕا بوو لەبارەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و، هەروەها بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆك بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و، هەروەها ئامانج و ناوەڕۆكی نامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ پارلەمان و حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان و، خستنەڕووی بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی دەستوور و پرسی سەرۆكایەتیی.
(سهرۆك) هەروەها بۆچوونی خۆی لە بارەی پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی بۆ لایەنە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە شی كردەوە و، ئاماژەی دا كە، بەر لە دووساڵ لە نامەیەكدا داوای لە سەرۆكایەتیی پارلەمان و لایەنەكان كردبوو كە بە زووترین كات لەسەر مەسەلەی دەستوور و ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك بگەنە ئەنجامێك و، ئێستایش با پارلەمان و لایەنەكان بگەنە چارەسەر و دەستوور بگەینرێتە قۆناغی ڕاپرسی.
(ئەبو كاروان) هەروەها ڕوونی كردەوە: "خاڵی هاوبەش لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە بوو كە، ڕێگری لە هەر دەستوەردانێك لە كاروباری هەرێمی كوردستاندا بكرێت، چونكە هەرێم سەربەخۆیی و شكۆی خۆی هەیە، بۆیە بڕیارێكمان دا كە شاندێكی پەرلەمان و حكوومەت و هێزە سیاسییەكان سەردانی سەركردایەتیی پەكەكە بكات تا پابەند بن بە بڕیاری باشووری كوردستان و دەست لە كاروباری باشووری كوردستان وەرنەدەن".
گوتیشی: "لە داهاتوودا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكا دەكات، بۆیە ئەمەیش دڵخۆشمان دەكات كە هاوكاریی زیاتری نێودەوڵەتی پێشكەشی هێزی پێشمەرگە بكرێت و هاوكاریەكانیش لەو بارەیەوە بۆ پێشمەرگە فراوانتر بكرێن، چونكە قۆناخێكی گرینگمان لە بەردەمدا ماوە، ئەویش ئازادكردنەوەی مووسڵە".
پارتیی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی سوسیالیستی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، حزبی شیوعی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشان، نوێنەری كوتلە توركمانییەكانی پارلەمانی كوردستان، نوێنەری كوتلە مەسیحییەكانی كوردستان ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە بوون کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بەشدار بوون.
کارزان سەباح هەورامی




