٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێشتا گەرەنتی نییە خەڵك بۆ جەلەولا و سەعدییە بگەڕێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info-  بەرپرسی لقی١٥ـی پارتی لە خانەقین دەڵێت، تەواوی خەڵكی جەلەولا و سەعدییە و قەرەتەپە شارەكەیان چۆڵ كردووە و ئێستا سنووری ناوچە كوردییەكانی پارێزگای دیالە 97% چۆڵن. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، هێشتا گەرەنتیی ئەوە نییە بە خەڵك بگوترێت بۆ ناوچەكانیان بگەڕێنەوە.

بەرپرسی لقی١٥ـی پارتی لە خانەقین (شێخ جەعفەر مستەفا) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، تەواوی شاری جەلەولا و سەعدییە و قەرەتەپە و شارەبان چۆڵ كراون و، هیچ گەرەنتیێك نییە بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێتەوە بۆ ئەو شارانە، چونكە هێشتا ناوە ناوە شەڕ لە نێوان داعش و حەشدی شەعبیدا بەردەوامە، ئەمە وێڕای ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر بۆمب لەو شارانەدا دانراون.

(شێخ جەعفەر) گوتیشی: "ئێستا خەڵك 97%ـی ئەو شوێنانەی جێ هێشتووە كە تەنیا لە جەلەولا هەزار ماڵ بەرەو خانەقین ئاوارە بوون، هەروەها بەشێكیان چوونەتە كەركووك و بەشێكیشیان بەرەو كەلار و دوزخورماتوو ئاوارە بوون".

بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین ئاماژەیشی دا: "ئێستا خۆشبەختانە لیوای 3-ی پێشمەرگە چوونەتە ناو جەلەولا و لەوێ پارێزگاری لە شارەكە دەكەن، سەرجەم میلیشیاكانیش بەرەو دوزخورماتوو چوون، چونكە پێشبینی دەكرێت شەڕی تكریت دووبارە بەردەوام بێت".

کارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار