٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە رۆژئاوای دیجلە پێشمەرگە گورزی كوشندەی لە داعش وەشاند.. لاشەی 8 تیرۆریست جێماون

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای دیجلە-KDP.info- لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و گورزی كوشندەیان لە داعش وەشاند و زیانی زۆریان پێ گەیاندن، لە ئێستایشدا لاشەی هەشت تیرۆریست لە بەردەستی هێزی پێشمەرگەدان.

بەرپرسی ناوچەی دیجلەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە زوممار (حەسەن خەلۆ)، لە بەرەكانی شەڕەوە بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابرد تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندی سەهلولمالح و تاوەكو بەیانی شەڕ بەردەوام بوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە توندی بەرپەچیان دانەوە و گورزی كوشندەیان لێ وەشاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن، هەروەها گوندەكەیشیان لێ سەندنەوە كە شەو كۆنتڕۆڵیان كردبوو".
(خەلۆ) گوتیشی، لەو شەڕەدا ژمارەیەكی زۆر تیرۆریست كوژران و بریندار بوون و لە ئێستایشدا لاشەی 8 داعش لە بەردەستی هێزی پێشمەرگەدان.
ئەوەیشی خستە ڕوو، شەڕەكە كۆتایی هاتووە و رەوشەكە ئارام بووەتەوە، تیرۆریستانی داعشیش شكستێكی گەورەیان برد.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار