مەرزی شۆشمێ دەكرێتە مەرزێكی فەرمی

بیارە-KDP.info-بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە دەڵێت هەتا مەرزی شۆشمێ نەکەنە مەرزێکی نێودەوڵەتی واز ناهێنن.
(نوخشە ناسیح) بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "مۆڵەت دراوەتە 15 شۆفێری ئۆتۆمبێلی باری (بارهەڵگر) لەو مەرزەدا كار بكەن؛ لەمێژ بوو زۆریان هێنابوو هەتا لەوێ کار بکەن. کە مۆڵەتەکەیش دراوە، شۆفێرەکانی دی عاجز بوونە و، خەم دایانیگرتووە."
(نوخشە ناسیح) ئاماژەی بەوەش كرد ئێستا 125 شۆفێری باری (ترۆمبێلی بارهەڵگر) لەو مەرزە بازرگانییەدا كار دەكەن؛ ڕۆژانە بە گوێرەی بەرنامەیەكی داڕێژراو كۆمەڵێكی شتومەكی سنوورداری بازرگانی لە ڕێگەی ئەو مەرزەوە هاوردەی باشووری كوردستان دەكرێت. دیارە حكوومەتی هەرێم لە ساڵی 2011وە هیچ هیڵێكی نوێی نەداوەتە شۆفێرانی باری، هەتا پار، کە لەگەڵ لێپرسراوی شۆفێرەكانی هێڵی مەرزەكەدا ڕاوێژیان كردووە و، ڕایانگەیاندووە كە مەرزەکەی شۆشمێ، بایی ئەوەندە کاری تێدا هەیە، پانزە باریی دیکەیش لەوێ کاڵا بێنن و ببەن."
بەڕێوەبەری شارەدێی بیارە جەختی لەوەش كردەوە هەوڵیانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا مەرزەکەی شۆشمێ بكەنە مەرزێكی فەرمی و، نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا.
مەرزی شۆشمێ دەكەوێتە شارۆچكەی تەوێڵە لە ناوچەی هەورامان؛ هاوسنوورە ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و، بڕیاریشە ماوەیەکی دی بكرێتە مەرزێكی فەرمی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا.
ئاسۆ عەلی




