مووچەی سێ مانگی گرێبەستەكانی تەندروستی دەدرێت

هەولێر-KDP.info-(د. ڕێكەوت حەمەڕەشید) وەزیری تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێ، بڕی ٣٧٥ھەزار دۆلار لەلایەن ڕێكخراوی جیهانیی تەندروستی خراواتە سەر حسابی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی كوردستان، بەم نزیكانەیش مووچەی سێ مانگ دەردێت بە كارمەندانی گرێبەستی سەر بەو ڕێكخراوە.
(د. ڕێكەوت حەمەڕەشید) وەزیری تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكرانی كوردستانی ڕاگەیاند: "رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێیان ڕاگەیاندین مووچەی ئەو كارمەندانەی گرێبەست خەرج دەكەن كە لە لایەن ڕێكخراوەكەیان دامەزرێندراون."
(د. ڕێكەوت حەمەڕەشید) گوتیشی: "بڕی ٣٧٥ھەزار دۆلار لەلایەن ڕێكخراوی جیهانیی تەندروستی خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی كوردستان، بەم نزیكانە كارمەندانی گرێبەستی سەر بەو ڕێكخراوە مووچەی سێ مانگیان پێ دەردێت."
بەپێی قسەی وەزیری تەندروستی زۆربەی ئەو كارمەندانە لە بنكە تەندروستییەكانی كەمپی ئاوارەكاندا كار دەكەن.
مووچەی مانگانەی هەر كارمەندێكی گرێبەستی سەر بە ڕێكخراوەكە نزیكەی 400 دۆلارە و، زۆربەیان پەرستیارن.
یەحیا سابیر




