٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی گۆڤاری گوڵان کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی بیست و دووەمین ساڵیادی گۆڤاری (گوڵان)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی ئەو گۆڤارە کرد و کارەکانی ئەو گۆڤارەی بە هەنگاوێكی تازە و گرینگ لە کاروانی رۆژنامەوانییدا ناو برد.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی بیست و دووەمین ساڵیادی گۆڤاری (گوڵان)

هەڤاڵی بەڕێز (فەرهاد محەمەد)، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین و هونەریی لە گۆڤاری (گوڵان)
  بە بۆنەی (22)هەمین ساڵوەگەڕیی گۆڤاری گوڵان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و نووسەران و سەرجەم خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ هەوڵ و كۆششی بێ وچانتان لە پێناو پێشخستن و سەركەوتنی ئەرك و پیشەی پیرۆزتان، هەر لە پێشكەوتندا بن.
دەرچوواندنی گۆڤاری (گوڵان) هەنگاوێكی تازە و گرینگ بوو لە كاروانی رۆژنامەوانیماندا و توانی لەو ماوەی تەمەنیدا بەپێی بەرنامەی كاری خۆی، پرۆفشناڵانە خزمەتێكی زۆر و جیای بوارەكە بكات و پێگەی شیاوی خۆی بگرێ و پتەوتریشی بكات.
ئەو خزمەتەی ئێوە لەرووی رۆژنامەوانیەوە بەردێكی دیكەی تەلاری ئەو ئەزموونەمانە و سەنگەرێكی دیكەی رەواو داكۆكیكارە لە كێشەكەمان و پاراستنی ماف و دەسكەوتەكانمان نەخاسمە لەو هەڵومەرجەی ئەمڕۆماندا، كە پێویستە هەموو لایەك بەوپەڕی لێبووردەیی و دڵسۆزیەوە كارەكانی رابپەڕێنێ و درێغی نەكات.
   بەخشش و بەرهەمی ئەوەندە ساڵەی گۆڵان باشترین گەواهیدەری راست و دروستی پەیامی راستگۆی ئێوەیە بۆ دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگ وكوولتوری نەتەوەیی و رۆشنبیریمان، بەمەش پانتاییەكی بەرفراوانی گرتووە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ یا دەوروبەرودەرەوە.
بەو بۆنەیەوە جارێكی دی پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون  و بەرەو پێشبردنی گۆڤارەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین بە هەمان گیانی بەرپرسانە و دڵسۆزانەی خۆتان و ئیتیكی راستەقینەی رۆژنامەوانی زیاتر برەو بە كاروپلانەكانتان بدەن بۆ پێشكەوتنی زیاتر و چاكتر.
   هەمدیسان دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێ دەكەین ...
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتیی دیموكراتی كوردستان 
         21/4/2015
 

هەواڵی پەیوەندیدار