٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی سیاسیی پارتی بیست و دووەمین ساڵیادی گۆڤاری گوڵان پیرۆز دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی بیست و دووەمین ساڵیادی گۆڤاری گوڵان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی ئەو گۆڤارە کرد.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان

بەبۆنەی بیست و دووەمین ساڵیادی گۆڤاری (گوڵان)
هەڤاڵی بەڕێز (فەرهاد محەمەد)، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان
هەڤاڵان، سكرتێری نووسین وتێكڕای ئەندامانی ستافی نووسین وهونەریی لە گۆڤاری(گوڵان)
  بە بۆنەی (22)هەمین ساڵوەگەڕیی گۆڤاری گوڵان، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێدەكەین، پیرۆزبایی لە سەرجەم نوسەر و خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، دەستی هەوڵ و كۆششتان بۆ سەرخستن و پێشخستنی رۆژنامەگەریی كوردی دەگوشین.
   جێپەنجە و كاریگەری گۆڤاری (گوڵان) بەسەر كاروانی  رۆژنامەوانیماندا روون و ئاشكرایە و توانیویەتی ئەو گەنجینەیە دەوڵەمەندتر بكات، هەر بۆیەش تا ئەمڕۆ لەو بەخشش و داهێنانەی بەردەوامەو  پێگەی شایستەوپتەوی خۆی لە بواری رۆژنامەوانیدا پتەوتركردووەوگرتووە.
   گۆڤاری(گوڵان) لەو كاروانە دوورودرێژەی رۆژنامەوانی كوردیدا ئەزموونێكی گەش و تازەی هێنایە ئاراوە و سەلماندی، كە تایبەتەمەندی خۆی هەیە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیریی و مەعریفیمان، لە پەیرەوكردنی بەرنامەیەكی رێكوپێك و زانستی وئەكادیمیانەی ئەوتۆ كە ژمارەیەكی زۆری نووسەران وشلۆڤەكارانی ناسراوی  ناوخۆیی و جیهانی لە خۆی كۆبكاتەوە.
   برەودان  بە بواری رۆژنامەوانی بە شێوەیەكی پیشەوەرانە  دەستپێك لە(گوڵان)ەوە بوو، ئەوسا گوتاری رەخنەگرانە بۆ خزمەتگەیاندن بە پرسە گرنگەكان پیادەكراو زەوینەیەكی ساغ و دروستی رەخساند بۆ رەخنەومامڵەكردن لەگەڵ واقیع و دیاردەكاندا، مەبەستیش برەودان بوو بە لایەنە ئیجابیەكان و رەوشی سیاسی و بەرەوپێشبردنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان.
      دەرچوواندنی گۆڤاری(گوڵان)جگە لەوەی بڕیاروهەنگاوێكی بوێرانە بوو لە رووی سیاسیەوە، مۆدێلێكی زیندووی كاری پرۆفیشناڵیانەش بوو لەرووی رۆژنامەوانیەوە، هەروەها بەو سیستم و كارنامە رێكوپێكەی لە بواری رۆژنامەوانیی دا و بەردەوام بوونی لە برەودان بە كوولتوری مەعریفی و هزری هەر لە دەستپێكی كاركردنیەوە تاكو ئەمڕۆ خانەیەكی شایستەی لە كتێبخانەی كوردی بە گشتی و بواری رۆژنامەوانیی بەتایبەتی گرتووە،  لێشمان مسۆگەرە هەر بەردەوام دەبێت و لەئایندەشدا هەنگاوی چاكترو كاریگەرتر دەنێت.
  وێرای پاڵپشتی و پشتیوانی پارتیمان بۆ سەرخستن و زیاتر پێشخستنی گۆڤارەكە جەختیش دەكەینەوە ، كە كاروئەركی رۆژنامەوانیی و رۆشنبیریی  زیاتر هەوڵ و كۆشش و قوربانیدانی دەوێ بۆ ئەوەی بەحەق نموونەیەكی زیندوو و پێشەنگ بێ بۆ خزمەتگەیاندن بە تاكەكەسی كوردوكۆمەڵگەكەمان و برەودان بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بەتایبەتی لەو بارودۆخەی ئەمڕۆماندا كە رۆڵەكانی گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی رووبەڕووی دڕەندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی وەستاونەتەوە و بەرگری لە مانەوە و شوناسی گەل و نەتەوەكەمان دەكەن، خوازیارین لەم ئەركەشتاندا پێشەنگیتان بپارێزن و رۆڵی شیاوی خۆتان بگێڕن.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی لە خۆمان و ئێوەوخوێنەرانتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و هەمیشە پێشەنگیتان بۆ دەخوازین. 

مەكتەبی سیاسی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
   21/4/2015

هەواڵی پەیوەندیدار