٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

زۆرینەی روممادی لە دەست داعشدایە.. هێزە عێراقییەكان زۆر شوێن بەبێ شەڕ چۆڵ دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

روممادی-KDP.info-  فەرماندەی فیرقەی زێڕین دەڵێت، دۆخی روممادی زۆر خراپە و زۆرینەی كەوتووەتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە، هێزە عێراقییەكانیش زۆر ناوچەیان بەبێ شەڕ چۆڵ كردووە و خەڵكی روممادییش هەموویان ئاوارە بوون.

فەرماندەی فیرقەی زێڕین لیوا (فازڵ بەرواری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دۆخی روممادی زۆر خراپە و خەڵك هەموو ئاوارە بوونە؛ هەڵبەت هێزە عێراقییەكان هەمووی كشاونەتەوە و شوێنەكانیان چۆڵ كردووە و شەڕیان نەكردووە، بۆیە داعش پێشڕەویی زۆری كردووە و تاوەكو نەخۆشخانە هەموویان گرتووە".

فەرماندەی فیرقەی زێڕین گوتیشی: "لە ئێستادا شەڕ بەردەوامە و هەموو شوێنە ستراتیژییەكانی روممادی كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە، هەروەها ئێمەیش لە شەڕكردن بەردەوام دەبین، بزانین ئەنجامەكەی چۆن دەبێت".

لیوا (فازڵ) راشیگەیاند، زۆرینەی خەڵكی روممادی لەگەڵ داعشدان و هاوكاریی زۆریان لە سەڵاحەددین و ناوچەكانی دیكەوە بۆ هاتووە.

زیاتر گوتی، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق و هاوپەیمانان بە بەردەوامی مۆڵگەكانی تیرۆریستان بۆردوومان دەكەن و بە سەدانیان لێ كوشتوون، بەڵام ژمارەیان زۆرە و تەواو نابن.

(بەرواری) ئاماژەیشی دا، زۆرینەی روممادی لە ئێستادا لە دەست تیرۆرستانی داعشدایە.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار