فوئاد حوسێن: گوشار دەخەینە سەر بەغدا تا پشكی كەركووك لە نەوتەكەی بدات

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت: "بە هیچ شێوەیەك هیچ هەڕەشەیەك لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵام ئێمە داوای مافی خۆمان لە داهاتی نەوت لە بەغدا دەكەین، چونكە مافی ئێمەیان نەداوە، ئاخر كەركووك بە دەست كەمیی بەنزینەوە دەناڵێنێت، لە كاتێكدا خۆی لەسەر رووباری نەوتە".
وا پێدەچیت ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆك بن لەوەی كە، ئەگەر بەغدا بوودجەی پارێزگاكەیان بۆ ڕەوانە نەكات، ئەوا ڕاگرتنی نەوتی كەركووك یەكێك لەو بژاردانەیە كە بیریان لێی كردووەتەوە.
ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (فوئاد حوسێن) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ لە داهاتی نەوت كەركووك بەشی خەڵكی كەركووك بدرێت، چونكە كەركووك لەسەر ڕووباری نەوتە، بەڵام تاوەكو ئێستا بەدەست كەمیی بەنزینەوە دەناڵێنین، بۆیە مافی خۆمانە هەندێك رێكار بگرینە بەر و گوشار بخەینە سەر بەغدا."
بەڵام وەك (فوئاد حوسێن) دەڵێ، ئەگەرچی وەها بژاردەیەكیش لە ئارادا بێ، هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نییە كە بەشێك لە نەوتی كەركووك بەپێی ئەو رێككەوتنە هەرناردە دەكرێت. "ئاخر ئێمە داوای مافی خۆمان دەكەین، چونكە بە بیانووی نەبوونی رێگا، تا ئێستا بەنزین لە بەغداوە بۆ ئێمە نایەت و، هەر ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە كۆ بووینەوە، چونكە خەڵك گلەیی هەیە وداوای مافی خۆی دەكات".
پێوەست بە ئەگەری ڕاگرتنیش، ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتی: "ئەمە بە تەنیا بە ئێمە ناكرێ و دەبێ بە وردی تاوتوو بكرێ، چنكە ئێمە تەنیا دەستەڵاتمان بەسەر كۆمپانیای نەوتی باكوور لەكەركووك هەیە و، دەستەڵاتمان بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا نییە كە لە ژێر دەستەڵاتی ئیدارەی هەرێمی كوردستانن و، ئەوان سەرپەرشتیی دەكەن و ئێمە لێی ئاگادار نین".
(فوئاد حوسێن) ئەوەیشی خستە ڕوو: "نزیكەی سەدەیەكە لە كەركووك نەوت دەردەهێندرێت و، تەنیا خەڵكی لە پیسبوونی ژینگەكەی سوودمەندە و بە هیچ شێوەیەك سوودی لەو نەوتە وەرنەگرتووە، بۆیە لە ئێستادا ئێمە داوای مافی خۆمان لە بەغدا دەكەین، چونكە ئەوان مافی ئێمەیان نەداوە".
بڵند ئیبراهیم




