٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەگاتە 625 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، رێژەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بە گوێرەی خواستی بەغدایە و بگرە زیاتریشە، هەرێمیش سەدی سەد پابەندی رێككەوتنە نەوتییەكەیە. گوتیشی: "لەم چەند رۆژەدا رێژەكەی دەگاتە 625 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا."

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (دڵشاد شەعبان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "وەزیری سامانە سروشتیەكان پێی راگەیاندووم كە لە ئێستادا بڕەنەوتی هەناردەكراوی هەرێم چەندە، بەڵام من نامەوێ بە تەواوی رێژەكەی بڵێم، چونكە دواتر هەمووی لە راپۆرتێكدا بڵاو دەكرێتەوە، تەنیا دەڵێم رێژەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بە گوێرەی خواستی بەغدایە و بگرە زیاتریشە. ئێستا هەرێم سەدی سەد پابەندی رێككەوتنە نەوتییەكەیە، لەم چەند رۆژەیشدا رێژەكەی دەگاتە 625 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا".

(شەعبان) ئاماژەیشی دا: "ئێستا بەغدا هیچ بیانوویەكی نەماوە كە بوودجەی هەرێمی كوردستان نەنێرێت یان دوای بخات، چونكە ئێستا هەرێم سەدی سەد پابەندە و نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە ئەگەر بەغدا 17 لەسەدی بوودجەی هەرێمیش نەنێرێت، دەبێ مووچەی تەواوی فەرمانبەران بنێریت."

جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە كە، "بەغدا پێویستییەكی زۆری ئابووریی بە هەرێمی كوردستانە، چونكە بەلایەنی كەمەوە ئەگەر بۆرییە نەوتەكەی هەرێم نەبووایە، نەیدەتوانی نەوتی كەركووك هەناردە بكات و لە ڕووی سەربازی و سیاسییشەوە پێویستی بە هەرێمە."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار