٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ قەزا و ناحیەكان كاتەكەی گونجاو نییە و شەفافیش نابێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی قەزا و ناحیەكانی عێراق زۆر لەمێژە هەوڵی بۆ دەدرێت، بەڵام جارێ ناكرێت ئەم هەڵبژاردنە ئەنام بدرێت، چونكە چەندان پارێزگا لە ژێر دەستی تیرۆریستاندان و بە هۆی ئاوارەكانیشەوە شەفاف نابێت.

ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف) بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لەوە كرا كە پێویستە بە زووترین كات هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ قەزا و ناحیەكانی‌ عێراق بكرێت، ئەمەیش بەو مەبەستەی هاووڵاتیان زۆر بە دیموكراسیانە لە بچووكترین پۆستدا بۆچوونیان وەربگیرێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە لەم كاتە ناوەختەدا گونجاو نییە و شەفافییەتەكەیشی پرسیاری زۆری لەسەر دەبێت، ئاخر چەندان پارێزگا بە دەست تیرۆریستانەوەن و بەشێكی تریشیان ئاوارەیەكی زۆریان تێدایە و چەند لایەنێك هەن كە دەتوانن پەنا بۆ ئاوارەكان ببەن بۆ ئەوەی بە ساختە دەنگ پەیدا بكەن".

پێوەست بە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان (جاف) رایگەیاند: "ئێمە لە هەرێمی كوردستان یاسای هەڵبژاردنی خۆمان هەیە، پەرلەمانی كوردستان بەرپرسە لە بڕیاردان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ قەزا و ناحیەكان، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنی قەزا و ناحیەكان لە هەرێمی كوردستانیش ئەنجام بدرێت، چونكە خزمەتكردنە بە خەڵك و دێموكراسی، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ قەزا و ناحیەكانی‌ عێراق، هیچ كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر هەرێمی كوردستان نابێت".
چەند لایەنێك لە ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق، پێشنیازێكیان خستووەتە بەردەم سەرۆكایەتیی‌ ئەنجوومەن، بۆ ئەوەی‌ ئامادەكاری‌ بۆ هەڵبژاردنی‌ ئەنجوومەنی‌ قەزا و ناحیەكانی‌ عێراق بكرێت و سەرۆكایەتیی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانیش پێشنیازەكەی‌ پەسەند كردووە‌.

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار