سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بكات.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان (ئومێد خۆشناو) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەی كە بۆ گەنگەشەكردن لەسەر پرسی دەستوور بەڕێوە دەچن، سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی داڕشتووە سەردانی حیزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات و بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە 22 ـی ئەم مانگە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام بكەن و لەگەڵیاندا كۆ ببنەوە".
(خۆشناو) گوتیشی: "ئەوسەردانەیان بۆ ئەوەیە ڕا و سەرنج و تێبینییەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان وەربگرن بە ئاڕاستەی ئەوەی بتوانرێت لە داهاتوودا پرسی دەستوور سازانێكی نیشتمانی لەسەر بكرێت كە لەلای هەموو لایەنەكان گرینگە".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت، "بڕیارە رۆژی پێنجشەممە بە هەمان شێوە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەیشدا كۆ ببێتەوە كە لە بەرنامەدان، بە تایبەت ئەو حزبانەی كە لە پەرلەمان بەشدار نین و كورسیی پەرلەمانیان نییە.
نەشوان بەرزنجی




