دەبێ بە مانگێک لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور دروست بکرێت

هەولێر-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ھەرکاتێک یاسای ئامادەکردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیمزا کرا و، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا بڵاو کرایەوە، دەشێ بە مانگێك لیژنە ٢١کەسییەکە دروست بکرێت.
(شوان شێخ ئەحمەد) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای ئامادەکردنی دەستوور بۆ ڕاپرسی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە و، ماوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیمزای بکات و، لە ڕۆژنامەی وەقائیعدا بڵاو بێتەوە، پاشان سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکاندا کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنێک بۆ دروستکردنی لیژنە ٢١کەسییەکە دابنێن بۆ ئەوەی دەستوور بۆ ڕاپرسی ئامادە بکەن، چونکە بەپێی یاساکە لیژنەیەکی ٢١کەسی دروست دەکرێت."
(شوان شێخ ئەحمەد) گوتیشی، جارێ دیار نییە ئەو لیژنە ٢١کەسییە چۆن دروست دەکرێت، بەڵام پێویستە پاش ئەوەی سەرۆکی هەرێم یاساکەی واژۆ کرد، بە مانگێک دروست بکرێت، بەڵام جارێ وردەکارانی دروستکردنی لیژنەکە دیار نییە.
بڵند ئیبراھیم




