شاندێكی بەغدا دێتە هەولێر.. پرسە هەڵپەسێردراوەكان تاوتوو دەكرێن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیارە شاندێكی تەکنیکی و سیاسی لە بەغداوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و، گەنگەشە لەسەر ئەو پرسە گرینگانەی نێوان هەولێر و بەغدا بكەن كە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئاگادار كراوینەتەوە كە وەفدێكی تەکنیکی و سیاسیی بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام وادەی سەردانەكە دیاری نەكراوە".
(جاف) گوتیشی: "ئەو سەردانەیان بۆ چارەكردنی ئەو كێشانەیە كە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، هەروەها باس لە بابەتی نەوت و ماددەی 140 و هێزی پێشمەرگەیش دەكرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێت: "ئەو سەردانە بە باشی دەبینم بۆ گەییشتن بە چارەكردنی ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەن".
نەشوان بەرزنجی




