لاوانی جیهان ئیدانەی كردەوە تیرۆریستیەكەی عەنکاوە دەكەن

هەولێر-KDP.info-ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان كە لاوانی 93 وڵاتی جیهان تێیدا ئەندامن، كردەوە تیرۆریستیەكەی شارۆچكەی عەنكاوەی سەر بە هەولێری پایتەخت ئیدانە دەكەن و دەڵێن: "ئەوە نیشانەی شكستی گەورەی تیرۆریستانە."
لە نامەیەكی فەرمیدا كە ئاراستەی خەڵكی هەرێمی و كوردستان و لاوانی كوردستانیان كردووە لە ڕێگەی مێدیاكانی هەرێمی كوردستان، ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان رایدەگەیەنن" بە داخەوە ئێوارەی ڕۆژی 17ـی ئێپرێلی 2015، تیرۆریستانی دژ بە ئازادی مرۆڤایەتی، خۆیان گەیاندە نێو شارۆچكەی عەنكاوەی سەر بە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراق كە دیانەکانی لێ نیشتەجێنە، لە ئەنجامی ئەو كردەوە تیرۆریستیەیاندا دوو هاووڵاتی لاشەڕ (سڤیل)ـیان كردە قوربانی و، پێنجی دیكەش بریندار بوون".
لە نامەکەدا هاتووە "ئێمە لە ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیەكان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكانیش دەخوازین، هەمیشە ڕۆڵی ئەو هێزە ئەمنیەی هەرێمی كوردستانی عێراقمان لەبەرچاوە كە لە تەك پێشمەرگەو خەڵكی كوردستاندا قوربانیان لە بەرامبەر تیرۆر داوە لەبری ئازادیخوازانی هەموو جیهان، ئەو هێزەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەڵغانی دژی تیرۆر بۆ پاراستنی جیهان ناسراوە".
ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان دەڵێن، دەزانین ئەو هێرشەی تیرۆریستان لە نێوەندی پایتەختی هەرێمی كوردستانی عێراق لە ئەنجامی شكستی گەورەیانە لە بەرەكانی شەڕدا، ئێمە قوربانی خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراق و پێشمەرگەمان لەبەرچاوە كە بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ لەبری هەموو جیهان داویانە ، لەوە دڵنیاین كە ئیتر تیرۆریستان ناتوانن بەرەنگاری هێزەكانی ئەمنی و پێشمەرگە ببنەوە ، لە كۆتاییدا وەك ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهان پشتیوانی لە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق و تەواوی جیهان دەكەین.
جێی باسە (فەلاح حەسەن) جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی لاوانی دیموكراتی جیهانە کە لاوێكی كوردی باشووری كوردستانەو لەو رێکخراوەدا لاوانی 93 وڵاتی جیهان تێیدا ئەندامن. (فەلاح) دەڵێت "پاش گەیشتنی هەواڵی كردەوە تیرۆریستیەكەی هەولێر بە میدیاكانی ئەوروپا، لاوانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا نامەی هاوخەمی خۆیان ناردووە و، بکەرانی كردەوە تیرۆریستیەكەیان شەرمەزار كردووە."
كارزان حەیدەر




