پێشمەرگە هێرشی بۆسەر سێ گوندی دیکە دەست پێکرد

داقووق-KDP.info-بەرپرسی ئاساییشی داقووق دەڵێ، لە ئاکامی ھێرشەکەی ئەمڕۆی ھێزی پێشمەرگە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش تا ئێستا گوندەکانی عوزێریە و عەتشانە ئازاد کراون و، ھێرشکردن بۆ سەر سێ گوندی دیکەیش درێژەی هەیە.
مقەدەم (پۆڵا ئەحمەد) بەرپرسی ئاساییشی داقووق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویەکانی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش بەردەوامە و، گوندەکانی عوزێریە و عەتشانەیان ئازاد کردووە و پێشڕەویکردن بۆ سەر گوندەکانی گوامات و گوانشاخ و مورە بەردەوامە."
مقەدەم (پۆڵا ئەحمەد) گوتیشی، داعش کوژراوی زۆرە و توانای بەرگرییان نییە و ڕادەکەن، بەڵام هیچ تەرمێکیان بەجێ نەھێشتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.
(ئەحمەد) ڕوونیشی کردەوە، ئەو دوو گوندە زۆر ستراتیژین و مۆڵگەی گەورە تیرۆریستانی داعش بوونە؛ داعشان لەو دوو گوندەدا خۆکوژ و، ئۆتۆمبێلیان بۆمبڕێژ دەکرد.
بڵند ئیبراھیم




