٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سعوودیا بەڵێنی (274) ملیۆن دۆلار هاوكاریی مرۆیی بۆ خەڵكی یەمەن دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "جەزیرە"ـی ئینگلیزی لە دوای داواكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی یەمەن، شای سعوودیا وەڵامی داواكارییەكەی دایەوە و بەڵێنی (274) ملیۆن دۆلار هاوكاریی مرۆیی بۆ خەڵكی یەمەن دا.

دوێنێ هەینی شای سعوودیا (شا سەلمان) ڕایگەیاند، وڵاتەكەیان بە بڕی (274) ملیۆن دۆلار هاوكاریی مرۆیی بۆ خەڵكی یەمەن دابین دەكات بۆ ئەوانەی بە هۆی پێكدادانەكانەوە تووشی كارەساتی مرۆیی بوون.
پێشتر ڕێكخەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی (جۆنەیس ڤان دێر كلاو) داوای كردبوو، خەڵكی ئاسایی یەمەن تووشی گرفتی تەندروستی و كەمیی ئاو و خۆراك بوونەتەوە و، سادەترین پێداویستییەكانیان بۆ بەردەوامبوون لە ژیان پێویستە.
بە هۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە خەڵكێكی زۆری یەمەن لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون، جگە لەوەیش بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی (767) كەسی سڤیل كوژراون و، (2900) كەسی دیكەیش بریندار بوون.
شیاوی گوتنە، سەبارەت بە دۆخی یەمەن پێنجشەممەی ڕابرد ئێران پلانێكی ئاشتی خستتە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان كە خۆی لە چوار خاڵدا دەبینێتەوە، ئەوانیش بریتی بوون لە بەپەلە ڕاگرتنی شەڕ، گەیاندنی پێداویستییە مرۆییەكان بۆ خەڵكی یەمەن، دەستپێكردنی دانوستانە سیاسییەكان و پێكهێنانی حكوومەتێكی یەكگرتووی نیشتمانی.

و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار