هەڵاتن لە بەرپرسیارەتی

دڵشاد مستەفا وەسانی
بەهۆی شەڕی داسەپاوی تیرۆریستانی داعش بەسەر هەرێمی كوردستان لە لایەك و، ئەو قەیرانە داراییەی بەغدا سەبەبكاریەتی، دیمەنی سیاسیی هەرێمی كوردستان، فرەهەڵوێستی سیاسی بەرامبەر بە دۆخەكە بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش بە حاڵەتێكی نادروست دەبیندرێت، چونكە ئەم كابینەیەی حكوومەت جیا لە هەموو كابینەكانی پێشوو، حكوومەتێكی بنكەفرەوانە و پێنج حزبی براوەی هەڵبژاردن پێكیان هێناوە، كەواتە هەموو ئەو حزبانەی بەشداری حكوومەتن، بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە سەرشان، لە سەركەوتن و شكست و ناخۆشی و قەیراندا بەشدارن. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبیندرێت شتێكی سەیرە، بەهۆی بڕینی بوودجە و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دۆخێكی نەخوازراو هاتووەتە پێشەوە، كە ناڕەزایی بەهۆی دواكەوتنی مووچەی لێكەوتووەتەوە، لێرەوە بەپێی ئەوەی لە زۆربەی میدیاكانەوە دەبیندرێ، هەن خۆیان لەو قەیرانە دەدزنەوە، خۆیان لە گرفتەكە بێبەری دەكەن، ئەمەش پێچەوانەی رێككەوتن و بەشداریكردنە لە حكوومەت، چونكە ناكرێ لە وەدەستهێنانی دەستكەوت خۆیان بە سوارچاكی مەیدان بزانن، بەڵام لەو دۆخەی ئێستا هەیە خۆیان بدزنەوە و لە بەرپرسیارەتی هەڵبێن، ئەگەر لە هەندێ میدیای كوردی كار لەسەر ئەوە بكرێ كە ئەوە هەولێرە پابەندی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا نابێت و خۆیان لە هەڵوێستی خراپی بەغدا نەبان بكەن، ئەوە نابێ ئەو پێنج حزبەی بەشداری حكوومەتن، خۆیان لەم بارە گرانەی ئێستای هەرێم بدزنەوە و لە بەرپرسیارەتی رابكەن، ئەم سەرنجەم لەخۆڕا نەهاتووە، بەڵكو لەو هەڵوێستە خراپەی حزبی بەشدار لە حكوومەتەوە هاتووە. ئاخر لایەن هەیە دەیەوێ خراپەكارییەكانی وڵات بخاتە ئەستۆی لایەنێك و خۆیشی لێ بەدوور بگرێت، ئەمەش كارێكە دیزەبەدەرخۆنە ناكرێت و ناشاردرێتەوە، خەڵك راستییەكان باش دەبینن.
بەر لەوەی بەغدا بوودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت، دۆخێك هاتبووە پێشەوە، كە هەر هەموو لایەنە بەشداربووەكان ئەركی قۆناغە نوێیەكە لە ئەستۆ دەگرن، ئەمەش بە لای خەڵكی كوردستانەوە هەواڵێكی خۆش بوو، چونكە پێیان وابوو، ئەو هەڵوێستەی پێنج لایەنەكە و شان دانەبەر ئەركی قۆناغی نوێ، بەرەوپێشەوەچوونی زیاتری لێ دەكەوێتەوە و زیاتر خزمەتی خەڵك دەكرێت، لێ بەداخەوە دوای ئەوەی بوودجەو مووچە بڕاو شەڕی تیرۆریستانی داعشیشمان بەسەردا سەپا و، ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەش شەهید و بریندار بوون، هەندێ میدیای هەرێمی كوردستان هێشتا هەولێر، نەك بەغدا، بە سەبەبكاری ئەو دۆخە خراپە دەزانن، بەمەش بەغدا وا لێكراوە زیاتر وەك تەماشاكەر سەیری شەڕی پێشمەرگە دژی داعش بكات و، خۆی لەبەرامبەر زیاتر لە 2 ملیۆن ئاوارە كە بارگرانییان بۆ هەرێم دروست كردووە بە بەرپرسیار نەزانێت و ئامادەش نەبێت ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ هەرێم كردوویەتی جێبەجێی بكات؛ چونكە بەغدا یەكهەڵوێستیی سیاسی لە هەرێم نابینێت، بۆیە ئەویش خۆی لە هەموو ئەو كێشانەی رووبەرووی هەرێم بوونەتەوە دەدزێتەوە. من ناڵێم هەموو هۆكاری خۆدزینەوەی بەغدا بۆ ئەو دوو جۆرە هەڵوێستەی هەرێم دەگەڕێتەوە، بەڵكو بەغدا خۆی میراتێكی زۆری ئەو خۆدزینەوەیەی لە رێككەوتن لەگەڵ كورد بۆ ماوەتەوە، بەڵام هەروەختێك بەغدا یەكهەڵوێستیی لە هەرێم دیتبێت، باشتر گوێی لە هەولێر گرتووە. گرنگ ئەوەیە ئیرادەی كورد زۆر بەهێزە و ئەم دۆخە خراپەش تێدەپەڕێت، بەڵام هەر كەس و لایەنێك خۆی لێ بدزێتەوە و لە بەرپرسیارەتی هەڵبێت، بۆی نییە لە كاتی تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە، وەك پاڵەوان بێتەوە مەیدان و قسە لە چۆنیەتیی ئەو تێپەڕاندنە بكات. گرنگ ئەوەیە ئەو بارە ناهەموارەی كوردستان نەمێنێت و بۆ قۆناغی دوای داعشیش ئەركی تازە دێتە پێشەوە و خەڵكیش قسەی خۆی دەبێت، ئاخۆ كێ شانی دایە بەر ئەركە قورسەكە و كێیش بوو خۆی لێ دزییەوە و لە بەرپرسیارەتی هەڵات.




