ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناڤین، سەرابێکین لە ئاشتی و سەقامگیری لەنێو ئاژاوەیەکی بەرفراوانی ناوچەکە

گوتاری هێمن هەورامی بە ناوی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ئەندامانی (سۆسیالیست ئینتەرناسیۆناڵ)ـدا
بەرێز سکرتێری گشتی، شاندە بەرێزەکان، خوشک و برایان...
سوپاس بۆ بانگهێشتکردنتان و رەخساندنى ئەم دەرفەتە، کە بە ناوی پارتیی دیموکراتی کوردستانەوە خۆشحاڵم بە ئامادەبوونم لە بەردەم ئێوەى سۆسیالیستخوازاندا، باسکردن لە بارودۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بکەم. جەنابی سەرۆک بارزانی ڕێز و سڵاوی هەبوو بۆ ئەندامانی (سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ) و ئامادەبووان. بەداخەوە، سەرۆک بارزانی نەیتوانی هەرێم بەجێ بهێڵێت و بەشداریی ئەم کۆبوونەوەیە بکات بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێمە ئێستا ڕووبەرووی بووینەتەوە. جەنابی سەرۆک بارزانی تاکە سەرکردەیە کە خۆی شەخسی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگە دژ بە داعش.
بۆ ئەوانەی کە لەبارەی پارتیی دیموکراتی کوردستان نازانن، پێم خۆشە بە کورتی پارتییەکەمان و ئامانجەکانى بۆ ئێوەى بەرێز باس بکەین. (پ.د.ک.) لە ساڵی 1946 دامەزرا وەکو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئازادیخواز و هەر لەوساوە وەکو یاریزانێکی سەرەکی لە ناوچەکە بۆ ئازادیی گەلەکەی و ئاراستەکردنی گەلی کورد بەرەو دیموکراسی و خۆبەرێوەبردن کاری کردووە. ئەمرۆ، لەژێر دروشمی (پێکەوەژیان، دادپەروەری و نوێبوونەوە)، پارتی خۆشحاڵە بە هاوکاریکردن لەگەڵ پارتییە سیاسییەکانی دیکە بۆ بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان عێراق مومارەسەى کارى سیاسیانەى خۆى بکات.
خوشک و برایانی بەڕێز...
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بوژانەوەیەکى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە، کارى لە سەر ئابوورییەکەی پەرە پێداوە و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانى و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروست و بەهێز کردووە، لە هەموویشی گرینگتر، هەرێمی کوردستان وەها بەرەوپێش چووە کە گەییشتووە بە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
خوشک و برایانی بەڕێز.. من دەتوانم بەردەوام بم لە باسکردنی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بۆ مەبەستێکی جیاواز کۆ بووینەتەوە، بۆ گفتوگۆکردنى بابەتێکی زۆر هەستیار کە پێویستی بە بایەخی زیاتر هەیە، ئەویش بریتییە لە (داعش و هەڕەشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی).
ئێمە لە کاتێکی زۆر هەستیار بۆ ئاساییشی گەلەکەمان و رۆژهەڵاتی ناڤین و کۆی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆ بووینەتەوە. هەروەها، ئێمە لە کاتێکدا کۆ بوونەیتەوە کە تەحەددا و دەرەنجامی گەورە بۆ ئاساییش و ئاشتیی نێودەوڵەتی لە ئارادایە. وێنە ترسناکەکانی قوربانییە بێتاوانەکانى کورد و موسوڵمان و ناموسوڵمان، ناوخۆیی و بیانی، کۆمەڵکوژ کراون و بێبەزەییانە سەریان پەڕێندراون لە عێراق و سووریا، هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تووشی شۆک کرد. لە ماوەیەکی کەمدا، و بەبێ هەنگاوی دیراسە بۆکراو، گرووپێکی تیرۆریست بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) سەری هەڵدا، کە بە کردەوە قێزەوەنەکانیان جیهانیان تووشى شۆک کرد.
ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، بریتییە لە دوژمنێکی گەورە، خاوەنی چەکی پێشکەوتوو و بە رێژەیەکی خێرا پەرە دەسێنێت. داعش هەڕەشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە کە پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە. خوشک و برایان، دەکرێت پشت بە هەرێمی کوردستان ببەسترێت تا رۆڵی خۆمان بگێڕین بەرامبەر بە ئایدۆلۆژیای ئەم گرووپە توندڕەوانە بووەستینەوە. هەروەکو لەوەوپێش گوتم، هەڕەشەی ئەم گرووپە تەنها لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق یان سووریا نییە، بەڵکو لەسەر ئەو وڵاتیانەشە کە تێنووی ئازادیین.
لەم کاتەدا، سوپای پێشمەرگەی کوردستان تاکە هێزن بەرامبەر بە داعش لەسەر زەوی دەجەنگن. ئێمە تا ئێستا 725 پێشمەرگەمان شەهید بوون، لەگەڵ 3565 بریندار. ئێمە وەکو کورد لە کۆبانیوەی تا پارێزگای دیالە بە درێژایی 1500 کیلۆمەتر لەگەڵ داعش لە شەڕداین. پێشمەرگە ئەم شەڕە لە جیاتی جیهان دەکەن و بەداخەوە دەڵێین، ئەوانیش سنووردارن لە چەکی قورس بەرامبەر بەوەی داعش هەیەتی. داعش چەکی زۆر پێشکەوتووی هەیە کە لە هەردوو سوپای عێراقی و سووریایی دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەوان شکستیان بە دوو سوپا هێنا، هەریەک لە سوپای عێراق و سووریا و چەکەکانیان بردن، بەڵام پێشمەرگە رایانی گرت و پاشەکشەی پی کردن. ئێستا ئێمە لە پێگەی هێڕشبردنداین لە سەر گۆڕەپانی جەنگ و هەموو پێکهاتەکان دەپارێزین، مەسیحی، عەرەب، تورکمان و هەموو ئەوانی دیکەی کۆمەڵگای عێراقی.
ئەمڕۆ ئێمە لە کوردستان نەک تەنها بۆ بوونی خۆمان خەبات دەکەین، هەروەکو ئەوەی بە درێژایی سەدەی بیستەم کردمان، بەڵکو لە جیاتی جیهانی ئازادیش.
خوشک و برایان...
رێگەم بدەن ئەم دەرفەتە بەکار بهێنم تا زانیارییتان پێ بدەم لەسەر پێشهاتە گرینگەکانی ئەم هاوینەی رابردوو.
سەرهەڵدانی داعش دەرەنجامی هەوڵێکی فاشیل بوو بۆ سەپاندنی عێراقێکی یەکگرتوو بەسەر ناوچەکەدا، شکستێک لە حوکمڕانیی مالیکیدا، نەبوونی متمانە و هاریکاری لەنێوان گرووپە جیاوازەکانی عێراق، پەراوێزخستنی سوننەکان، پشتگوێخستنی دەستوور و فەشەلی گشتیی حوکمڕانی لە بەغدا. هەرێمی کوردستان یان عێراق لەم حاڵەی ئێستا نەدەبوون ئەگەر بەغدا گوێی بدایە بەو هۆشداریانەی کە پێیان درا. لە راستیدا، ئێمە ئێستا هەم لە شەڕداین و هەم لە قەیران.
پێش 9 حوزەیران و گرتنى مووسڵ لە لایەن داعشەوە، ئێمە حکوومەتی فیدراڵی عێراقمان ئاگادار کردەوە بە هێڕشێکی ناکام دژی شارەکە و پێشنیازمان کرد پێشمەرگە بنێرین بۆ پاراستنی ناوچەکە. بەداخەوە گوێیان بە هۆشدارییەکانی ئێمە نەدا.
لە کاتەکانى دوای هێڕشەکەی داعش بۆ سەر مووسڵ، پێنج فیرقەی سەربازی عێراق و فیرقەیەکی پۆلیسی فیدراڵ توانەوە و دەیانهەزار لە هێزەکان دەستبەرداری پۆستەکان و چەکە قورسەکانیان بوون. لە چەند سەعاتێکدا، داعش لە رێکخراوێکی تیرۆریستی بێبەزەییەوە هەنگاوی بۆ بوون بە دەوڵەتێکی تیرۆریستی نا.
لە ماوەی چەند رۆژێکدا، سەدانهەزار خێزان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، قەیرانێکی مرۆیی و بارگرانییەکی زۆریان دروست کرد، بەهۆی سنوورداریی سەرچاوەکانەوە. ئێستا ئێمە پەنای زیاتر لە 1.5 پەنابەر و ئاوەرەی ناوخۆییمان داوە.
بەم ئیمکانیاتەوە، لە 3ـی ئاب، داعش هێرشی کردە سەر شارۆچکەی شنگال و بەداخەوە دەستی بەسەر شارۆچکەکەدا گرت و تاوانی وەحشیانەی ئەنجام دان لەکاتێکدا ئێمە داوامان لە دۆست و هاوپەیمانەکانمان کرد یارمەتیی سەربازیمان بدەن.
ئێمە سوپاسی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا دەکەین بۆ بەهاناوەهاتن بە بانگەوازەکانمان بە دابینکردنی پشتیوانیی ئاسمانی، بەڵام هێشتا دەبێت زیاتر بکرێت.
خەرجیی ئەم شەڕە، هاوکات لەگەڵ خەرجییەکانی 1.5 ملیۆن پەنابەر و ئاوەرەی ناوخۆیی، لەنێویاندا مەسیحی و کورد و عەرەب، گوشاری زۆری خستووەتە سەر تواناکانی ئێمە بۆ خزمەتکردنی ئەم خەڵکانە. یارمەتیی ئێمە بۆ ئەوان بەبێ هیچ پشتوانییەکی ماددی یان هەرجۆرێکی دیکە بووە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە.
بەڵام لە هەمووی گرینگتر، حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە بە گوشارخستنە سەر وڵاتانی رۆژئاوا، کە یارمەتیی مرۆیی و عەتاد و چەکی سووک و ناوەندی بۆ ئێمە دەنێرن، تا رەوانەی بەغدا بکرێن بۆ پشکنین و بەوەش پرۆسەی گواستنەوەکە دوا دەکەوێت. ئەو دواکەوتنانە دەبنە هۆی کەوتنەوەی چەندین گیانی دیکە لە بەرەکانی شەڕ و مەترسیدارکردنی ژیانی ئەوانەی پێویستیان بە ئاو و خواردن و پەناگا هەیە.
لەوەتای هێرشەکانەوە، ئێمە خۆمان رێک خستووەتەوە و زۆرێک لە خاکەکەمان لە دەست داعش سەندووەتەوە، بەڵام جەنگی دژ بە تیرۆریزم هەرگیز کۆتایی نایەت. ئێمە هەر لە هێرشبردندا دەبین تا شەڕەکە دەبەینەوە. بەڵام، خوشک و برایان، داعش هەڕەشەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە و پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتییە.
نابێت تەنها ئیمکانیاتە سەربازییەکانی داعش، جیهان و ئەم رێکخراوە بەڕێزە نیگەران بکات، بەڵکو ئەو داهاتە داراییانەش کە پشتیوانی تیرۆریزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکەی جیهانیش دەکات.
بە مانایەکی دیکە:
• داعش رۆژانە 3 تا 6 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی رەش، شوێنەواری مێژوویی عێراق و سووریا و دانەوێڵە دەست دەکەوێ.
• پارە وەردەگرێت لە کۆمەککاران، بە ڕفاندن و بە باج وەرگرتن.
• کۆنترۆڵی ناوچەیەک دەکات کە لە ئوردون گەورەترە.
• چەکی پێشکەوتووی هەیە و لە چەندین بەرەدا شەڕ دەکات.
• هەزاران چەکداری بیانی لە سەرتاسەری جیهانەوە، لەوانە وڵاتانی ئەورووپاییش، روو دەکەنە رۆژهەڵاتی ناوەراست تا ببنە ئەندامی داعش.
خوشک و برایان...
بیرمان نەچێت ئەمە دوژمنێکی هاوبەش و بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە. هەڕەشەکانی ئەم گرووپە پێویستیان بە کاردانەوەی نێودەوڵەتییە. ئەمە هەڕەشەیەکی جیددیە و ئێمە پێویستمان بە یاریزانی جیددییە بەرامبەر ئەم گرووپە بوەستینەوە و بناغە و کۆی گرووپەکە لەناو بەرین. ناکرێت بوونی ئەوان بە واقیعی بکرێت یاخود دانوستاندنیان لەگەڵدا بکرێت، ئەوان نازانن ئاشتی، پێکەوەژیان، دیموکراسی یاخود ئەو بەهایانەی دیکە، کە ئێمە هەموو هەمانە، چییە.
لەو باوەڕەدام کە پشتیوانیی جیهانی رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت بۆ لەناوبردنی ئەم گرووپە و پاراستنی گەلەگەی ئێمە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. سەرباری ئەوەی پێشمەرگە تاکە یاریزانە کە لەسەر ئەرز بەرامبەر بە داعش پێش دەکەوێت، بەڵام هێشتا پێشمەرگە چەکی قورسیان لە لایەن بەغدا یاخود هاوپەیمانەکانی نێو هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش پێنەدراوە.
هەروەها، داوا لە هەریەک لە ئێوە دەکەم بکەونە گفتوگۆوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتەکانتان بۆ دابینکردنی یارمەتیی سەربازی بۆ پێشمەرگە پاڵەوانەکانمان و ئەگەر یارمەتیی سەربازی دابین نەکرا، ئەوا چەکی پێشکەوتوو دابین بکرێت تاکو بەرامبەر ئەم گرووپە کوشندەیە بجەنگین. ئێمە پێویستیمان بە هێزێ سەربازیی هیچ وڵاتێک نییە لەسەر ئەرز، ئەمە شەڕێکە ئێمە بە نوێنەراییەتیى جیهان دەتوانین بیکەین. بە مانایەکی دیکە، ئێمە پێویستمان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە کە کەلوپەلمان بدەنێ تا داعش لەناوبەرین و گەلەکەمان بپارێزین.
ئێمە بەرامبەر بە لایەنێک دەجەنگین کە ناتوانین بە کلاشنیکۆفی ئاک-47 و ئار بی جی بیبەینەوە. پێشمەرگە بێ چەکە و ئەو کەلوپەلانەیان نییە تا خۆیان بپارێزن لە تەقەمەنی، مین و خۆکوژی بۆمبڕێژکراو. لە رابردوودا، ئێمە پێمان گوتراوە کە ناتوانرێت چەکی پێشکەوتوو و تۆپی قورس بدرێتە هەرێمی کوردستان لەبەر بەغدا. ئەو سیاسەتە هەڵەیە و پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
سیاسەتی ئێمە بریتییە لە پشتیوانیکردنی هەر لایەنێک کە بەرامبەر داعش دەوەستێتەوە و پێشوازی لە پشتیوانیی هەر لایەنێک دەکەین کە دژی داعش دەوەسێتەوە.
تیرۆریزمی نێودەوڵەتی پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتییە و هەرێمی کوردستانیش لە بەرەی پێشەوەی جەنگی دژ بە تیرۆرە.
ئەرکی ئێستامان ڕوونە: پاراستنی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانی، بەڵام دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش لەگەڵماندا بن و پشتیوانی مانادار پێشکەش بە پێشمەرگە دلێرەکانمان بکەن.
ئەزموونی ئێمە لەسەر بنەماکانی پێکەوەژیان و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، ئێمە هەڕەشە نین بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە راستیدا ئێمە سەرابێکین لە ئاشتی و سەقامگیری لەنێو ئاژاوەیەکی بەرفراوانی ناوچەکە.
سوپاس بۆ گوێگرتنتان.
12ـی کانوونی یەکەمی 2014
ژنێف، سویسڕا




