لایەنەکانی کورد لەبارەی کاندیدی وەزارەتەکانەوە کۆک نین.. پەرلەمانتارێک: وەرگرتنی وەزارەتی دارایی هەڵەیە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کورد هێشتا بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دارایی، خۆی یەکلا نەکردووەتەوە و ئەگەر ئەو وەزارەتەیش وەربگرێت کارێکی ھەڵەیە. ئەو ئاشکرایشی دەکات کە، لەسەر ئەو کەسانەش رێک نەکەوتوون کە بۆ وەزارەتەکان دیاری کراون.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق (ئەحمەد رەشید) بە kdp.infoی راگەیاند، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و یەکێک لە بڕگەکانیش دەنگدان بوو لەبارەی کاندیدانی ھەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ، بەڵام هیچ یەکێ لە کاندیدەکان دەنگی پێویستیان نەھێنا و، ئەم پرسەیش بۆ رۆژی پێنجشەممە دواخرا، چونکە کێشەی لەسەر ھەبوو.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، دەنگ لەبارەی کاندیدی وەزارەتی گەشتوگوزار درا، بەڵام ئەویش دەنگی نەھێنا و تەنھا کاندیدی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دەنگی پێویستی بە دەست ھێنا و سوێندی یاسایی خوارد.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ (فریاد رەواندزی) بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام ئەویش دوا خرا، چونکە داوا کرا ھەر پێنج لایەنی ھەرێمی کوردستان لەسەر وەزارەتەکان بگەنە رێککەوتن، چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بێت ھەندێک لایەن لە وەزارەت بێبەش دەکرێن، بۆیە ھەرکاتێک بگەنە رێککەوتن وەزیرە کوردەکان سوێندی یاسایی دەخۆن."
دەرباری وەزارەتی دارایی عێراق وەک پشکی کورد، (رەشید) گوتی، "پێدانی وەزارەتی دارایی بە کورد جۆرێکە لە فێڵکردن و ئەگەر کورد وەری بگریت ھەڵەیە، چونکە زۆر کێشەی بۆ دروست دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ پەرلەمانتاران و دەیانەوێت کەسێک کورد بێت و ھەرکێشەیەک لە بودجە ھەبێت، بیخنە ئەستۆی وەزیرەکە، بۆیە دەمەوێت ئەوە ئاشکرا بکەم، تاوەکو ئێستا کورد خۆی یەکلا نەکردوەتەوە ئەو وەزارەتە وەربگرێت یاخود نا"، زیاتر ڕوونی کردەوە "لەسەر ئەو کەسانەش رێک نەکەوتوون کە بۆ وەزارەتەکان دیاری کراون"، بەلام ئەو پەرلەمانتارە ئامادە نەبوو لەم بارەیەوە ھیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرا بکات.
بڵند ئیبراھیم




