ئەردۆغان: پێشوازی لە سەرکردە دەرکراوەکانی ئیخوان دەکەین

هەولێر-KDP.info- درەنگانی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، مێدیای تورکیا، لە زاری سۆککۆماری وڵاتەکەیانەوە گوێزتبوویانەوە، تورکیا پێشوازی لەو سەرکردە دیارانەی ئیخوان موسلمینی میسر دەکات کە ئێستا لە قەتەرن و داوایان لێ کراوە ئەو خاکە جێ بهێڵن.
شەممەی ڕابرد، گەورەبەرپرسێکی ئیخوانەکان لە لەندەن ڕایگەیاندبوو، قەتەر بە هۆی گوشاری دراوسێکانییەوە داوای کردووە، حەوت کەسایەتیی دیاری کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین وڵاتەکەی جێ بهێڵن.
(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان)-ی سەرۆککۆماری تورکیایش دوێنی دووشەممە، لە کاتی گەڕانەوەی لە قەتەر، لە نێو فڕۆکەکەی بە ڕۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو کەسایەتییە دیارانەی ئیخوان ئەگەر خواستی ئەوەیان هەبێ بێنە تورکیا، ئەوا پێشوازییان لێ دەکەن.
پاش ئەوەی سەرۆککۆماری پێشووی میسر(محەممەد موورسی) کە ئیخوان بوو و سوپای ئەو وڵاتە دەستبەسەری کرد، قەتەر و تورکیا، تەنیا دوو وڵاتی ناوچەکەن پشتیوانیی لە ئیخوانەکان دەکەن. لە لایەکی دیکەوە سعوودیە و ئیمارات و هەندێ وڵاتی دی، پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرکردایەتیی نوێی میسر ڕاگەیاندووە. وەهایش گوزارشت دەکرێ کە، ئیخوانەکان هەڕەشەن بەسەر ڕژێمی فەرمانڕانی ئێستای میسرەوە.
حکوومەتی میسریش پێچەوانەی پڕوپاگەندەی ئیخوانەکان ڕایگەیاندووە کە، کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین، بزووتنەوەیەکی تیرۆریستییە.
زریان زیاد




