٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی: مومكین نییە بهێڵین تیرۆریستان حوكم لە وڵاتی ئێمەدا بكەن

سەرچاوە: KDP.info

ئیتاڵیا-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە دیمانەیەكی تایبەتی كەناڵی Rai3-ی ئیتاڵیاییدا ڕایگەیاند، "دوای ئەم هەموو تێكشكانەی داعش، هەڕەشەكەیان ڕاستەوخۆ لەسەر خەڵكی كوردستان كەم بووەتەوە، من بە هەموو لایەكیشم گوتووە دڵنیا بن، یان هەموومان پێكەوە بە سەربەستی و ئازادی لە وڵاتی خۆماندا دەژین، یان پێكەوە دەمرین و مومكین نییە بهێڵین تیرۆریستان حوكم لە وڵاتی ئێمەدا بكەن".


سەبارەت بە پێشوازیكردن لە ئاوارە ئێزدی و مەسیحییەكان كە لە ترسی جینۆسایدی داعش هەڵاتوون، (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا، "ئەوەی بۆ پاراستن و حەوانەوەی برایانی خۆمان پێمان كراوە، كردوومانە، چ مەسیحی، ئێزدی، توركمان و شەبەكەكان و بەردەوامیش دەبین، بەڵام هەڕەشەی ئەم تیرۆریستانە نەك تەنیا هەرێمی كوردستان، بەڵكە لەسەر هەموو ناوچەكە و وابزانم لەسەر هەموو جیهانیشە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دوای ئەم هەموو تێكشكانە یەك لەدوا یەكانە، ئەم هەڕەشەیە ڕاستەوخۆ لەسەر خەڵكی كوردستان كەم بووەتەوە، من بە هەموو لایەكیشم گوتووە دڵنیا بن، یان هەموومان پێكەوە بە سەربەستی و ئازادی دەژین لە وڵاتی خۆماندا، یان پێكەوە دەمرین و مومكین نییە بهێڵین تیرۆریستان حوكم لە وڵاتی ئێمەدا بكەن".
سەرۆكی هەرێم دەربارەی ئەو چەكانەی دەگەنە دەستی پێشمەرگە گوتی، "دەبێ هەوو لایەك بزانن ئێمە تەنیا شەڕی رێخراوێكی تیرۆریستی ناكەین، بەڵكە شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی گەورە دەكەین، چەكی سوپای دوو وڵاتی كەوتووەتە دەست، هەموویش چەكی پێشكەوتوون، بۆیە بەرامبەر بەو چەكەی كە لە دەستی پێشمەرگەیە، بەراورد ناكرێ. لەبەر ئەوە بێگومان پێویستیمان بە چەكی پێشكەوتوو هەیە، كە چەكی پێشمەرگە هەموو ئەو چەكانەن كە لە سوپای رژێمی پێشوو بە دەست هاتوون، هەموویشی كۆن و بەكارهاتوو و لەكار كەوتوون، بۆیە پێویستیمان بە هەموو جۆرە چەكێك هەیە، سوپاسی هەموو ئەو دۆستانەیش دەكەین كە یارمەتییان داوین، بەڵام بە تەئكید ئەمەیش شەڕێكی گەورەیە، شەڕێك و تەكتیكێكی تازەیە، ئەوەی هاتووە یارمەتیدەر بووە، بەڵام پێویستیمان بە زیاتر هەیە".

ڕاشیگەیاند كە، "شەڕی داعش پێویستی بە هیممەتێكی هەمەلایەنە هەیە، هەموو لایەكیش دەبێ بەشدار بن، جا هەر كەسەو بە شێوەیەك و بەپێی دۆخ و تواناكانی خۆی، بەڵام ئەگەر هەموو لایەك بەشدار نەبن، بە یەك لایەن تەنیا ناتوانرێ بگوترێت داعش لەناو دەچێ. بە دڵنیاییەوە هێرشی ئاسمانی كە كرا زۆر یارمەتیدەر بوو و لەمەودوایش یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام شەڕی داعش نابێ هەر تەنیا بە شێوەی سەربازی بێت، ئەمە شەڕی هەواڵگرییە، شەڕی ئابوورییە، بۆیە دەبێت لە هەموو بەرەكانەوە شەڕی ئەو تیرۆریستانە بكرێت".
(سەرۆك بارزانی) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە لەبری هەموو جیهانی ئازاد شەڕی داعش دەكەین و لە سەنگەری پێشەوەین، بڕیاڕی ئێمەیش ئەوەیە یارمەتیمان بدرێت و نەدرێت، موكین نییە ڕادەستی ئەو تیرۆریستانە بین، بەڵام بە دڵنیاییەوە چەند ئەو هاوپەیمانییە فراوانتر و كاریگەرتر و بەهێزتر بێ، ئەوەندە كاریگەریی زیاتر دەبێت و ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین". دەربارەی هاوكاریی ئێرانیش (بارزانی) گوتی، "ئێران بە ناردنی تەقەمەنی یارمەتیی ئێمەی دا، هەندێ پسپۆڕی شارەزایش مومكینە یارمەتییان دابین، بەڵام وەكو هێزی زەمینی و شەڕكەر نەخێر، چونكە پێویست ناكات و پێویستیشمان پێی نەبووە".
سەرۆكی هەرێم ئاماژەیشی دا، "ئەولەوییەتی ئێمە تێكشاندنی ئەم تیرۆریستانەیە، هەر كەسێك كە ئامادە بێت شەڕی ئەوانە بكات، ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین، بەڵام ئەم هاوپەیمانەتییە چۆن فراوانتر دەبێ و كێ دێتە ناوی، ئەمە هەمووی بەندە بە لایەنی دیكە و بە بڕیارێكی نێودەوڵەتییەوە. ئێمە پشتیوانیی هیچ لایەنێك ڕەت ناكەینەوە ئەگەر ئامادە بێت شەڕی داعش بكات".
سەبارەت بە سیاسەتی هەڵەی (مالیكی) لە عێراق، (بارزانی) ڕایگەیاند، "ئەم دۆخەی لە عێراق دروست بوو كە داعش پەرەی سەند، هەمووی دەرەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئەو دەسەڵاتدارانەی بەغدا بوو، ئێستایش فرسەتێكە بۆ عێراق و هەموو ناوچەكە كە ئەگەر دۆخەكە باشتر بوو، ئەو هەڵانە ڕاست بكرێنەوە، جارێ زووە مرۆڤ بتوانێ حوكم بدات، ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین كە حكوومەتێكی هەمەلایەنە كە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنێك بكات، پێك بێت و لەسەر نەهجێكی تازە كە شەراكەتێكی ڕاستەقینە پێڕۆ بكرێت و پێكەوە هەوڵ بدەین ئەو تیرۆریستانە لە وڵاتەكەدا نەهێڵین".
(مەسعوود بارزانی) گوتیشی، "داعش بنچینەی بۆ رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە دەگەڕێتەوە، هەموویان سەرچاوەیان یەكە و یەك قوتابخانەیە ئەویش قاعیدەیە، پێم وایە زۆر لایەن و وڵات هەبوون یارمەتییان داون، هەر كەسە و بۆ مەبەستێكی تایبەتی خۆی، بەڵام ئێستا من بڕوام وایە لە كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو دەوڵەتانە دەرچوون كە پێشتر یارمەتییان داون و ڕەنگە پەشیمانیش بن".
ڕوونیشی كردەوە، "ئەو رۆژەی كە دەستم دایە تفەنگ، بڕوایەكی تەواوم هەبوو كە ئەم میللەتە سەر دەكەوێ، نەمدەزانی كەی و چۆن سەر دەكەوێ، بەڵام لە سەركەوتنی دڵنیا بووم. ئەوەی 20 ساڵ پێشی ئێستا و ئەوەی ئێستا دەیبینین مانای ئەوەیە هیچ شتێك لە دونیادا ئەستەم نییە، دونیا دەگۆڕدرێت و گرینگ ئەوەیە مرۆڤ لەسەر رێگەی ڕاست بێت، خاوەنی دۆز بێت و ئەمەیش مانای ئەوەیە هەر بە ئەنجام دەگەین".
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، "ئێمە زۆر خۆشحاڵین كە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێ كردووە و بەردەوامە، هەرچەندە ئەگەر بەپەلەیش نەچووبێتە پێش، بەڵام هەر دەستپێكردنی و خۆڕاگرتنی ئەو پڕۆسەیە، سەركەوتنێكی گەورەیە. ئێمە سەربەرزین، چونكە زۆر رۆڵمان لە دەستپێكردن و خۆشكردنی زەمینە بۆ دەستپێكردنی ئەم پرۆسەیە بینی، وەك هەمیشەیش ئێمە ئامادەین یارمەتی و پشتیوانی لەو پرۆسەیە بكەین و یارمەتییان بدەین".


ئامادەكردنی: كەنعان بەهادین

 

هەواڵی پەیوەندیدار