دیاربەكر.. قوتابخانە كوردییەكان داخران

دیاربەكر-kdp.info- پۆلیسی توركیا بە بیانووی نایاساییبوونیان، ئەو قوتابخانە كوردییانەی داخست كە دوێنێ كرابوونەوە، ئەمەیش بووە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵك و ئاماژەیش بەوە دەدەن، نایەوێ منداڵەكانیان بە زمانێك كە هیی ئەوان نییە، فێری زانین و زانست ببن.
لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن لە توركیا لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی باكووری كوردستان سەرەڕای بایكۆتكردنی پڕۆسەی خوێندن، هاوكات بە مەبەستی دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن بە زمانی زگماكی لە دیاربەكر، شڕنەخ و گەڤەر سێ قوتابخانەی كوردی كرانەوە.
دوێنێ دووشەممە لە توركیا پڕۆسەی خوێندن دەستی پێ كرد، بەڵام لە بەشێك لە شارە كوردییەكان بە بیانووی قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی كوردی، پڕۆسەكە بایكۆت كرا و خەڵك بە چالاكیی جیاجیا ناڕەزایەتیی خۆیان لە بەرانبەر قەدەغەكردنی پەروەردە بە زمانی كوردی دەربڕی و لە شارەكانی وەكو دیاربەكر، شڕنەخ و گەڤەریش سێ قوتابخانەی كوردی كرانەوە.
لە یەكەم رۆژی دەسپێكردنی ئەو قۆتابخانانەدا پۆلیس بە بیانووی نایاساییبوونیان قوتابخانەكانی داخست و ئەمەیش بووە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵك و ئاماژەیش بەوە دەدەن كە نایەوێ منداڵەكانیان بە زمانێك كە هیی ئەوان نییە، فێری زانین و زانست ببن.
لە لایەكی دیكەوە جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا و گوتەبێژی حكوومەتی توركیا (بولەند ئارنج) ئاماژەی دا كە بۆ گوتنەوەی وانەی كوردی وەكو وانەی بژاردە، گۆڕانكاری یاسایی ئەنجام دراوە، بۆیە هەر جۆرە هەوڵدانێك كە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەدا نەبێت، نایاساییە و رێگریی لێ دەكرێت.
هیوا ئەردەلان




