٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمڕۆ وەزیرە تازەکان سوێندی یاسایی دەخۆن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-kdp.info- بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تێیدا ئەو وەزیرانەی ماون سوێندی یاسایی دەخۆن. هاوکات لێپرسینەوەیش لەگەڵ (ساڵح موتڵەگ) دەکرێت لەبارەی چۆنیەتیی دابەشکردنی هاوکاریی ماددی بەسەر ئاوارەکاندا.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەردەلان نورەددین) بە kdp.info-ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات و کارنامەی کۆبوونەوەکەیش لە چەند خاڵ پێک هاتووە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کارنامەکە (ئەردەلان نورەددین) گوتی، ئەو وەزیرانەی تاوەکو ئێستا سوێندی یاساییان نەخواردووە، سوێند دەخۆن و ئەو پەرلەمانتارانەیش کە بوونەتە وەزیر، هەندێکی دیکە لە شوێنی ئەوان دەبنە پەرلەمانتار و سوێندی یاسایی دەخۆن، لەگەڵ لێپرسینەوە لە (ساڵح موتڵەگ) کە چۆن هاوکاریی ماددیی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش کردووە و چەندیشی ماوە دابەشی نەکردووە و هۆکارەکەیشی چییە.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند، لە کارنامەکەدا دیار نییە ئەو وەزیرانە کێن ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخۆن و تەنیا باس لەوە کراوە ئەو وەزیرانەی ماون سوێند دەخۆن، بۆیە دیار نییە وەزیرە کوردەکانیشیان لەگەڵدایە یاخود نا.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار