٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوا لە پەرلەمانی ئەورووپا كرا كارەساتەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا بە جینۆساید بناسێندرێن

سەرچاوە: KDP.info

ئەورووپا-KDP.info-  وەزیری ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ڕاوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سكرتێری لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورووپا، وێڕای ئاماژەدان بە پێكەوەژیانی ئایینە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا، داوای كرد كارەساتەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا بە جینۆساید بناسێندرێن.

شاندێكی وەزارەتی ئەوقاف بە سەرۆكایەتیی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (كەمال موسلیم) و بە ئامادەبوونی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە یەكیەتیی ئەورووپا (دلاوەر خالید ئاژگەیی)، لەگەڵ ڕاوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاتوو (دیامیللە چیكی) و سكرتێری لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورووپا (ئەندرێ شتوزمان) كۆ بووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەری كریستیانەكان و ئێزدییەكانی كوردستان پوختەیەك لە بارودۆخی ئاوارەكانیان باس كرد و داخوازییەكانیان خستە بەردەم پەرلەمانی ئەورووپا، لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەیشدا وەزیری ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لە پێكەوەژیانی ئایینە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا كرد.

هەر لەو دانیشتنەدا وەزیری ئەوقاف داوای كرد كارەساتەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا بە جینۆساید بناسێندرێن كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرامبەر مەسیحی و ئێزدییەكان ئەنجام دراون.

لایەنی ئەورووپایی سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كە پێشوازییان لەو لێقەوماوانە كرد و بەڵێنی هاوكاریی زیاتریان دا.
جیا لەوەیش هەمان شاندی كوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە یەكیەتیی ئەورووپا لەگەڵ باڵیۆزی فاتیكان لە یەكیەتیی ئەورووپا، كۆ بووەوە.

كەنعان بەهادین

هەواڵی پەیوەندیدار