وەزارەتی پێشمەرگە ھاوپەیمانانی کۆ بوونەوە.. ڕاوەدوونانی داعش درێژەی دەبێ

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بە پشتیوانیی ھاوپەیمانان، کە لە ئێستا ھاتوونەتە کوردستان و شانبەشانی پێشمەرگە بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی و پوکاندنەوە و بیری کۆنەپەرستی کۆشش دەکەن، لە رۆژانی داھاتوودا کارکردن لەسەر ڕاوەدوونانی چەکدارانی داعش دریژەی دەبێت.
بەپێی ڕاگەیندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمرۆ دووشەمە لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە(مستەفای سەیدقادر) بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی وەزارەت(جەبار یاوەر مەندە) لەگەڵ نوێنەرانی ھێزەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، ئوسترالیا، ئیتالیا و کەنەدا کۆ بوونەوە.
ھەر لە راگەیندراوەکەدا ھاتووە، لەم کۆبونەوە دا چۆنیەتیی رێکخستنی کاروباری ھەماھەنگی و ھاوبەشی نێوان نێردەی سوپاکانی ئەو وڵاتانە و وەزارەتی پێشمەرگە و گەیشتنی ھاوکارییە سەربازییەکانی ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و ناردنی بۆ بەرەکانی رووبەروو بوونەوەی تیرۆریستان و کاریگەرییان لەسەر گۆرینی ھاوکێشەی جەنگی دژەتیرۆر لە رۆژانی رابردوو و ئامادەکارییە نوێیەکانی ھاوپەیمانان بۆ بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە باسیان لێوە کرا.
هاوکات باس لە بابەتی مەشقکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە کراوە و ھەروەھا دانانی پلان و ھەماھەنگیی نوێ بۆ رووبەروو بوونەوەی چەکدارەکانی داعش کراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆبونەوەکە تەکیدی کردووتەوە، لە رۆژانی داھاتوودا کارکردن لەسەر راوەدوونانی چەکدارانی داعش دریژەی دەبێت و، بە پشتیوانیی ھاوپەیمانانمان، کە لە ئێستا ھاتوونەتە کوردستان و شانبەشانی پێشمەرگە کۆشش دەکەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی و پوکاندنەوە و بیری کۆنەپەرستیی داعش.




