وەزارەتی پەروەردە داوای دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا دەكات.. چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە داوای دامەزراندنی شەش هەزار مامۆستا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە و رەنگە هۆكارەكەیشی بۆ قەیرانی دارایی بگەڕێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فاتیح مەولەوی زادە) بە kdp.info-ی راگەیاند، "وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە مامۆستا هەیە بە تایبەت بۆ بەشە زانستییەكان، بۆیە داواكارییەكمان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی شەش هەزار مامۆستامان بە شێوەی گرێبەست بۆ دابمەزرێنن، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵامی داواكارییەكەی ئێمە نەدراوەتەوە".
(مەولەوی زادە) گوتیشی، "رەنگە هۆكاری وەڵامنەدانەوەی داواكارییەكەی ئێمە، بۆ نەبوونی بودجە بگەڕێتەوە، چونكە ماوەی چەند مانگێكە هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بووە".
ڕوونیشی كردەوە، "وەزارەتی پەروەردە پێویستی بە نزیكەی هەشت هەزار مامۆستا هەیە، بەڵام ئەگەر ئەو ژمارەیەی ئێمە داوامان كردووە، بۆمان دابمەزرێن، تا رادەیەكی باش كێشەی كەمیی مامۆستایانمان نامێنێت".
بڵند ئیبراهیم




