بڕیارە سبەی هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق یەكلا بكرێنەوە

بەغدا-kdp.info- پەرلەمانتارێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، (حەیدەر عەبادی) بەڵًێنی داوە ئەگەر تا سبەی لایەنەكان كاندیدیان بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ دیاری نەكەن، خۆی كاندیدەكان پێشكەش دەكات.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (د. عەرەفات كەرەم) بۆ kdp.info گوتی، ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە بەغدا و بڕیاریشە سبەی پەرلەمان كۆ ببێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا كارنامەی كۆبوونەی سبەیان بە دەست نەگەییشتووە كە باس لە چ تەوەرێك دەكرێت.
(د. عەرەفات) دەشڵێت، لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوودا سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) بەڵێنی داوە كە ئەگەر تا سبەی لایەنەكان كاندیدی خۆیان بۆ هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ یەكلا نەكەنەوە، خۆی دوو كاندید دیاری دەكات و پێشكەشی پەرلەمانیان دەكات، بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بدرێت و سوێندی یاسایی بخۆن.
ڕوونیشی كردەوە، پێشبینی دەكرێت تا سبەی ئەو دوو پۆستە یەكلا بكرێنەوە و وەزیرەكانیان سوێندی یاسایی بخۆن.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، تاوەكو ئێستا لایەنە كوردییەكان لەبارەی وەزیرەكانی خۆیانەوە رێك نەكەوتوون، بۆیە زەحمەتە لە كۆبوونەوەی سبەیدا یەكلا بكرێنەوە.
بڵندئیبراهیم




