سەرۆک بارزانی بۆ قاسم شەشۆ: تاوانی تیرۆریستان و هاوکارانیان لە شنگال سزای قورسی بە دواوەیە

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ(سەرۆک بارزانی)، بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال(قاسم شەشۆ)، ڕایگەیاند، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای شنگال ئامادەیی تەواویان هەیە و نەک هەر ناهێڵن دەستی تیرۆریستان بگاتە سەر چیای شنگال، بەڵکو بۆ ئازادکردنی شنگال چاوەڕێی فەرمانی (سەرۆک بارزانی) دەکەن.
ئەم قسانەی (شەشۆ) لەو دیدارەدا بوو کە ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2014 سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی)، وەک بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال لەگەڵیدا سازی دا.
لە دیدارەکەدا سەرەتا (سەرۆک بارزانی) بەخێرهاتنی کردن و سوپاسی خۆڕاگریی هەموو ئەو پێشمەرگانەی کرد کە زۆر ئازایانە بەرگرییان لە چیای شنگال کردووە و وێڕای گوشار و هەوڵی زۆری تیرۆریستان، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکان نەیانهێشتووە چیای شنگال بکەوێتە دەست دوژمن.
(سەرۆک بارزانی) تەئکیدی کردەوە کە ئەو تاوانانەی تیرۆریستان و هاوکارانیان لە شنگال ئەنجامیان داوە تووشی سزای قورسیان دەکات و، دڵنیایشی کردنەوە کە شنگال و هەموو ئەو ناوچانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیر کراون ئازاد دەکرێنەوە و، خەڵکی شنگالیش بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ناو ماڵی خۆیان.
لە بەرانبەردا، بەرپرسی مەیدانیی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال(قاسم شەشۆ)، سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و بە وردی سەرنج و تێبییەکانی خۆی لەسەر ڕەوشی شنگال بە گشتی و چیای شنگال بە تایبەتی خستەڕوو و تەئکیدیشی کردەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیای شنگال ئامادەیی تەواویان هەیە و نەک هەر ناهێڵن دەستی تیرۆریستان بگاتە سەر چیای شنگال، بەڵکو بۆ ئازادکردنی شنگال چاوەڕێی فەرمانی (سەرۆک بارزانی) دەکەن.




