زوممار.. پێشمەرگە حەوت گوندی دیكەی كۆنتڕۆڵ كردن

زوممار-kdp.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە دهۆك دەڵێت، ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگە لە سنووری زوممار پێشڕەوییان كردووە و توانیویانە حەوت گوندی دیكە كۆنتڕۆڵ بكەن. جەختیش دەكاتەوە كە، داعش ورەی ڕووخاوە و ئێستا تاكە شت كە پەنای بۆ دەبەن، دانانی بۆمب و تەقەمەنییە.
فەرماندەی فەرماندەیی دهۆك (شێخ عەلی) بە kdp.info-ی راگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە ئەمڕۆ لە سنووری زوممار بەپێی پلانێكی پێشوەختە پێشڕەوییان كرد و توانییان حەوت گوندی دیكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە بە بێ ئەوەی هیچ زیانێك بە پێشمەرگە بگات و چەكدارانی داعشیش لەو گوندانە هەڵاتبوون.
فەرماندەی فەرماندەیی دهۆك گوتیشی، لە كاتی گەییشتنی هێزی پێشمەرگەدا بۆ ناو ئەو گوندانە، خەڵك خۆشحاڵیی خۆیان بە هڵاتنی داعش و هاتنی پێشمەرگە دەربڕی، سەرۆكهۆز و گەورەكانیانیشیان ئوانەی كە لەگەڵ داعشدا بوون، هەڵاتوون و لە شوێنی خۆیان نەماون.
(شێخ عەلی) هەروەها ڕوونیشی كردەوە، ئێستا ئێمە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە زوممارەوە دوورین و جوڵەی داعشیش لە ناوچەكە زۆر كەم بووەتەوە و ژمارەیان زۆر كەمە، ئەگەر لەبەر دانانی بۆمب و تەقەمەنی نەبێت، لە ماوەی چوار تا پێنج سەعاتدا دەتوانین ناوچەكە بە تەواوەتی كۆنتڕۆڵ بكەین".
بڵند ئیبراهیم




