نێچیرڤان بارزانی لە بەرەكانی جەنگدا: پێشمەرگە مێژوویەكی پڕ لە سەروەری بۆ كوردستانیان دەنووسێتەوە

خازر-kdp.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەكان و لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، هەر لە شنگالەوە تا گوێڕ و مەخموور و، تا جەلەولا و سەعدییە و حەمرین، ڕۆژانە داستانی نەبەردی و سەربەرزی تۆمار دەكات و مێژوویەكی پڕ لە سەروەری بۆ كوردستانیان دەنووسێتەوە كە مایەی شانازیی ئێستامان و نەوەكانی داهاتوومان دەبێت.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 15-ی ئەیلوولی 2014، سەردانی بەرەكانی جەنگی لە دژی داعش، لە میحوەری خازر - زەرتك كرد و بە یاوەریی فەرماندەی میحوەرەكە (د. ڕۆژ نووری شاوێس)، پێگە و سەنگەرەكانی پێشمەرگەی لە چیای زەرتك بەسەر كردەوە.
لە سەردانەكەدا سەرۆكوەزیران لە نزیكەوە گوێبیستی پێشهاتەكانی میحوەرەكە و بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی بوو، هەروەها لە پێداویستییەكانی پێشمەرگە و بەرەكانی جەنگی كۆڵییەوە. لە گوتەیەكیشدا بۆ پێشمەرگە، سەرۆكوەزیران دووپاتی كردەوە كە، پێشمەرگەی كوردستان وەك چۆن هەمیشە لە مێژوودا پارێزەری گەل و وڵات بووە و لە پێناو ئازادی و رزگاریی خاك و وڵاتدا خوێن و گیانی بەخشیوە، ئەمڕۆیش بە هەمان شێوە پێشمەرگەی كوردستان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و لە هەموو میحوەرەكان، گیانبازانە بەرخودان دەكات و بەرگری لە خاك و ئازادیی كوردستانیان دەكات.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها ڕایگەیاند، پێشمەرگە هەمیشە سیمبولی بەرخودان و ڕەتكردنەوەی داگیركاری و ستەم بووە، بۆیە بووەتە ئەوپەڕی مایەی شانازیی كوردستانیان و گەلی كوردستان هەمیشە شانازی بە پێشمەرگەوە كردووە و پێی سەربڵند بووە. ئەمڕۆیش پێشمەرگە لە هەموو میحوەرەكان و لە هەموو ناوچەكانی كوردستان، هەر لە شنگالەوە تا گوێڕ و مەخموور و، تا جەلەولا و سەعدییە و حەمرین، ڕۆژانە داستانی نەبەردی و سەربەرزی تۆمار دەكات و مێژوویەكی پڕ لە سەروەری بۆ كوردستانیان دەنووسێتەوە كە مایەی شانازیی ئێستامان و نەوەكانی داهاتوومان دەبێت.
سەرۆكوەزیران هەروەها وربەرزی و ئامادەییی پێشمەرگەی بۆ فیداكاری لە بەرەكانی جەنگ، بە بنەمای سەركەوتن و پاككردنەوەی كوردستان لە تیرۆرستان لە قەڵەم دا و دووپاتی كردەوە، ورەی بەرز و خۆڕاگریی پێشمەگە و دڵخوازیی پێشمەرگە بۆ پێشڕەویكردن و دەركردنی تیرۆرستان، بڕوایەكی بەتین و ورەیەكی پۆڵایینی بە هاووڵاتیانی كوردستان بەخشیوە و، ڕاپۆرتە جیهانییەكانیش ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیان وەك قارەمان و هێمایەك بۆ ئازادی و پاراستنی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان گەیاندووەتە هەموو جیهان، هەر بۆیە ئەمڕۆ پێشمەرگە وەك پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتی لە جیهاندا دەناسرێت، كە ئەمەیش بۆ هەموو تاكێكی كوردستان مایەی ئەوپەڕی شانازییە.
لە كۆتاییی سەردانەكەیدا سەرۆكوەزیران هیوای سەركەوتنی یەكجارەكیی بۆ پێشمەرگە و ئەفسەران و پلەداران و فەرماندەكانی پێشمەرگە خواست.




