٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەو عەرەبانەی پێشوازییان لە داعش دەكرد، داوای هاوكاری لە پێشمەرگە دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، داعش زۆر لاواز بووە و توانای بەرگریكردن لە خۆیان نەماوە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر دانانی بۆمب و تۆقاندن و تاڵانكردنی ماڵی خەڵكی سڤیل، خەڵكیش زۆر لێیان بێزارە و داوای هاوكاری لە هێزی پێشمەرگە دەكەن.

فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك لیوا (عەبدولڕەحمان كەورینی) كە ئێستا لە نزیك بەنداوی مووسڵ لە بەرەكانی جەنگە، بە kdp.info-ی راگەیاند، چەكدارانی داعش ورەیان ڕووخاوە و توانای بەرگریكردنیان نەماوە، ئێستایش بە هۆی لاوازییانەوە تەنیا پشت بە دانانی بۆمب دەبەستن، چونكە ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگە رابگرن و ترسیان لە هێرشی پێشمەرگە هەیە.

(كەورینی) گوتیشی، "پێشتر ئێمە لە حاڵەتی بەرگریدا بووین و ئەوان هێرشیان دەكرد، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە و ئەوان بەرگری لە خۆیان دەكەن، كە بەرگرییەكەیشیان زۆر لاوازە و ناتوانن خۆیان رابگرن، بۆیە پەنا بۆ دانانی بۆمب دەبەن."

فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك ڕوونیشی كردەوە كە، كاری داش بووەتە تۆقاندن و ترساندنی خەڵكی سڤیل و هەر گوندێكیش بكەوێتە ژێر كۆنترۆڵیان تاڵانی دەكەن و خەڵك ئازار دەدەن، ئەمەیش نیشانەی كۆتاییەكەیانە.
ئەو هەروەها راشیگەیاند، "خەڵكی ئەو گوندانەی كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعشدان، زۆر لێیان بێزارن و داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە هێرش بكات و لەو تیرۆرستانە رزگاریان بكەین، بە تایبەت ئەو عەرەبانەی كە پێشتر پێشوازییان لە داعش كردبوو، ئێستا نوێنەری خۆیان دەنێرن بۆ ئەوەی بەهانایانەوە بچین و رزگاریان بكەین."

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار